
پۆلیسی قەزای پیرمام رایگەیاند؛ لە بەرواری 31 / 05 / 2025 لەناحیەی بەستۆرەی سەر بە قەزای پیرمام، کەسێک بەناوی ( حمید مغدید احمد ) کە پلەی عەقیدی لە نێو هێزەکانی پێشمەرگە هەیە خاوەنی دوو ژنە، یەکێک هاوژینەکانی دەکوژێت، پۆلیس دەڵێت؛ کێشەکە کۆمەڵایەتی بووە کوڕێکی ئەو بەرپرسە پەیوەندیی بە بابەتەکەوە هەیە.
ئەو ژنەی کوژراوە ناوی ( شەهلا زیاد کاکە ) -ە و هاوژینی دووەمی بکوژەکەیە ماڵی لە بەستۆرە بووە، هاوژینی یەکەمی لەپیرمام نیشتەجێ بووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە پۆلیس لەبەر هەستیاری بابەتەکە ئامادەنەبوو ناوەکەی ئاشکرا بکات، بۆ ستوون میدیا دەڵێت؛ لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە؛ ( ڕێبوار حمید مغدید ) کوڕی بکوژەکەیە و پەیوەندی سۆزداریی لەگەڵ زڕدایکەکەی خۆی هەبووە.
شایانی باسە پاش ئاشکرابونی پەیوەندییەکە، ڕێبوار هەڵدێت و ژنەکە لەلایەن (حمید)ی مێردیەوە دەکوژرێت.
هەر ئەو سەرچاوەیە وتیشی؛ حمید لەناو هێزی پێشمەرگەدا پلەی “عەقید”ی هەیە و ئامادە نییە خۆی ڕادەست بکات، جیا لەوەش هەردوو بنەماڵەکە لە عەشیرەتی ( خۆشناو ) ن و زۆر توندن لەهەمبەر کێشەی شەرەف و ئابڕوی کۆمەڵایەتی.
وەک پۆلیس دەڵێت؛ لەهەوڵداین بۆ دەستگیرکردنی کردنی کوڕی ئەو بەرپرسە، چونکە پێچەوانەی یاسا و نەریتە ئاینی و کۆمەڵایەتیەکان ڕەفتاری کردووە.
بەپێی وتەی پۆلیس؛ ژنە کوژراوەکە دوو برای هەیە بەناوی ( سامان زیاد کاکە ) کە پاسەوانی بەرپرسەکەیە، براکەی تری (کاروان زیاد کاکە ) ئەفسەری ئاسایشە و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە و کوشتنی ئامانج دەکەن و کەسوکارەکەیشی ئامادە نین تەرمی ( شەهلا ) لە پزیشکی داد وەرگرنەوە.
شایانی باسە ئامارەکانی کوشتنی ژنان ساڵانە بەهۆی پەیوەندییە ناشەرعیەکان و خیانەتی هاوسەرگیری ڕوولەزیادبوونە، ڕێکراوەکانی داکۆکی لەمافەکانی ژنانیش بەردەوام لە ڕاپۆرت و کۆڕۆ سیمینارەکانیان هۆشداریی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەدەن.