کەلار.. بەهۆی کێشەی شەرەفەوە دوو بنەماڵە چوار کەس لەیەکتر دەکوژن

ستوون میدیا: كاروان محەمەد

لە کەلار بەهۆی کێشەی شەرەفەوە دوو بنەماڵە چوار کەس لەیەکتر دەکوژن و پۆلیس دەڵێت؛ بنەماڵەیەکیان سەر بە عەشیرەتی شوانکارە و دەسەڵاتدارن، پێشتر کچێکی خۆیان لەسەر ڕووداوەکە کوشتووە.

بەرواری 2025/06/11 لەگەڕەکی شێروانەی شاری کەلار چەندکەسێکی سەر بەعەشیرەتی شوانکارە هەڵدەکوتنە سەرماڵێک و خاوەن ماڵەکە کەناوی ( عوسمان عزیز محمد ) لێیان دێتە دەست، لەکامێرای چاودێریی ماڵەکەوە دەردەکەوێت دوو کەس لە شوانکارەکان بەناوەکانی ( میرشاد عبداللە ساڵح ) و ( ئالان محمد ساڵح ) دەکوژێت و دواتر عوسمان و هاوژینەکەی ( فاگمە عبداللە عبدالکریم ) دەکوژن و هەڵدێن.

پۆلیسی کەلار دەڵێت؛ کێشەی شەرەف لە پشتی کوشتنی ژن و پیاوەکەیە و ئەوانەی هەڵیانکوتاتەسەریان لە عەشیرەتی بەناوبانگی شوانکارەن و پێشتریش کچێکی خۆیان بەناوی ( تابان عبداللە ساڵح ) کوشتووە.

لەوبارەیەوە پۆلیس زانیاری وردی بۆ میدیاکان ئاشکراکردووە و دەڵێن؛ تابان هاوژینی زڕبرایەکی عوسمان عزیز بووە و کوڕێکی ناوبراو بەناوی ( شڤان ) پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ تابان هەبووە کە دەکاتە ( زڕ مامۆژن )ی خۆی، ئەمەش دژی یاسا و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانە.

شڤان عوسمان عزیز، کە بەهۆی پەیوەندییەکەی لەگەڵ تابان، دایک و باوکی کوژراوە، هاوڕێیەکی شڤان کەناوەکەی لای پۆلیس پارێزراوە دەڵێت؛ پاش دروستبوونی خۆشەویستی لەگەڵ ژنی زڕمامەکەی چەندینجار یەکتریان بینیووە.

وەک پۆلیس دەڵێت؛ ماڵی شڤان و تابان لە سلێمانی بوون، بەڵام پاش ئەوەی لەڕێگەی مۆبایلی ژنەکەوە پەیوەندییەکە بۆ براو کەسوکارو هەروەها زڕمامەکەی ئاشکرا دەبێت، شڤان هەڵدێت و کچەی خۆیان دەکوژن، لەترسی هەڕەشەکان عوسمان عزیز لەسلێمانی یەوە ماڵەکەی دەگوازێتەوە شاری کەلار.

شایانی باسە پۆلیس نایشارێتەوە هەرچەند زڕمامی لای پۆلیس سکاڵای لەسەر شڤان تۆمار کردووە بەتۆمەتی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ” مەحرەمی” خۆی هەبووە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، جیا لەوەش لەلایەن کەسوکاری تابان -ەوە هەڕەشەی دۆزینەوە و کوشتنی دەکەن، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدار و خاوەن عەشیرەتن، ئامادەش نین خۆیان ڕادەستی یاسا و پۆلیس بکەن.