لە دوزخورماتوو دوو کەس دەکوژرێت و کەسێکیش بریندارە، شەڕەکە لەنێوان دوو ماڵبات ڕوویداوە

ستوون میدیا: ئەحمەد عەلی

پۆلیسی شاری دوزخورماتوو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە؛ بەرواری 2025/01/22 لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە دوو کەس بەناوەکانی ( عباس فازل علی ) و ( مامە محمد احمد ) دەکوژرێن و ئامۆزایەکی عباس بەناوی ( ئاراس حسین علی ) لەشەڕەکەدا بەسەختی بریندار دەبێت.

وەک پۆلیس ئاماژەی پێداوە کێشەکە کۆمەڵایەتیە و پەیوەندیی بە ژن و ژنخوازییەوە هەیە، باوکی عباس سەر بەحشدی شعبی یە، لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتووە پاش ئەوەی هەڵدەکوتنە سەرماڵی مامە محمد، خاوەن ماڵەکە لێیان دێتە دەست و عباس دەکوژێت، بەڵام دواتر ئاراس-ی ئامۆزای بە برینداریی مامە محمد دەکوژێتەوە.

هەروەها پۆلیس دەڵێت؛ لێکۆڵینەوەی وردمان لە ڕووداوەکە کرد، جیا لەکامێراکانی چاودێری، لە دانپێدانانی بریندارەکەش ئاشکرابووە پێشتر مامە محمد کە خەڵکی گوندێکە بەناوی ( بێلولە ) بە ئۆتۆمبێلەوە لەشاری خانەقین لەکچێکی پانزە ساڵانی فازل دەدات.

کچەکە ناوی ( فاتیمە فازل علی ) یەو بەهۆی ڕووداوەکەوە کەئەندام دەبێت، پاشان لەڕێگەی سوڵحی عەشایەری ڕێدەکەون لەسەر پێدانی بڕە پارەیەکی زۆر لەلایەن مامە محمد و مارەبڕینی کچەکە بۆ کوڕێکی بەناوی ( چێنەر مامە محمد ).

بەڵام بەهۆی هەڵاتنی چێنەر بەدزی ماڵەوەیان، لەلایەن باوک و کەسوکاری کچەکەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت و لەئەنجامدا مامە محمد ماڵەکەی دەگوازێتەوە شاری دوزخورماتوو کە پێشتر لە گوندی (بلێولە) بوون.

پۆلیس نایشارێتەوە کە فازل علی باوکی فاتیمە بەهۆی دەسەڵاتەکەی لە نێو حشدی شعبی ئامادە نیە خۆی ڕادەستی یاسا بکات و بەهۆی ئەوەی کوڕەکەی کوژراوە و کچەکەشی کەمئەندام بووە خۆی بە قوربانی دەزانێت و هەڕەشەی تۆڵەی ئەوان لە چێنەر دەکات.