بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی باوەڕی تەواوی بە یەکسانیی ژن و پیاو هەیە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە یاوەریی هەڤاڵ ڕەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی، سەردانی خاتوو لاڤە حیکمەت، سەرپەرشتیاری یەکێتیی ژنانی کوردستانی کرد.

لەو سەردانەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پیرۆزبایی لە هەڤاڵ لاڤە حیکمەت کرد بۆ دەستپێکی کار و قۆناغی نوێی یەکێتیی ژنانی کوردستان وەک هەنگاوێکی زیاتر بۆ خزمەتکردنی پرسی ژنان، هاوکات وەک هەمیشە پاڵپشتی و پشتیوانیی تەواوی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانیان دەربڕی.

سەرۆکی یەکێتی بە گرنگیشەوە لە ڕۆڵی ژنان و یەکێتییەکەی ڕوانی بۆ زیاتر خزمەتکردنی پرسی ژنان و وتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باوەڕی تەواوی بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە و هەموو هەوڵێکیشمان بۆئەوەیە ژنان بەشێکی گرنگ و کاریگەری ژیانی ڕێکخراوەیمان بن و لە ناوەندی بڕیاردا بونیان هەبێت. بۆ داهێنان و هەنگاوی گەورەتر دەرگای یەکێتی بۆ هەموو ژنانی کوردستان کراوەیە تا لەژێر ئەم ڕۆشناییەدا کاربکەن و تواناکانیان بخەنە خزمەتی گەشەپێدانی وڵاتەکەمانەوە.

هەڤاڵ ڕەفعەت عەبدوڵاش دووپاتی لە بەردەوامیی پشتیوانیی هەموو ئۆرگانەکانی یەکێتی بۆ سەرخستنی خەباتی ژنان و یەکێتییەکەیان دووپاتکردەوە و وتی پێکەوە بەرەوە هەنگاوی گەورەتر و زیاتر خزمەتکردن بە پرسەکانی ژنان هەنگاو دەنێین.

لەبەرامبەردا خاتوو لاڤە حیکمەت سوپاسی ئەو پشتیوانییەی کرد و بەڵێنی دا قۆناغی نوێی کارکردنی یەکێتیی ژنانی کوردستان بە پێی پێویستی خواست و داواکاری و کێشەکانی ئەمڕۆی ژنان بێت و جەختیکردەوە دوور لە ئینتمای حزبی کار لەسەر پرسی ژنان دەکەن و هەموو کار و پرۆژەکانیان هەر لە چوارچێوەی خزمەتکردن بە پاراستنی مافی ژنان و ڕەخساندنی کەشێکی لەبارتردەبێت لەبەردەمیان تا پێکەوە هەنگاوێکی نوێ بنێین بۆ داهاتوویەکی گەشتر بۆ ژنانی نیشتمانەکەمان.