پاش گەمارۆ سەربازییەکەی ئەمریکا چاوەڕوانی چی ببین؟

ئێران هەڕەشەی تووند لە ئەمریکا و گەمارۆ سەربازییەکەی دەکات و لەبەرانابەریشدا واشنتن هۆشداری توند لە هەر جموجۆڵێکی سەربازی لە بەندەرەکانی ئێران دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی بی.بی.سی، پاش سەپاندنی گەمارۆ سەربازییەکەی ئەمریکا بۆسەر بەندەرەکانی ئێران و گەروی هورمز بەتایبەت چەند پێشهاتێک پێشبینی ڕوودانی دەکرێت و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ و ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە ئێران لەئارادایە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەگەڵ یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی گەمرۆکەدا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەڕێژەی 7-8٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و ئەمەش ئاماژەکان بۆ بەربوونەوەی زیاتری نرخی نەوت و دروستبوونی قەیرانی وزە لەسەرانسری جیهان زیاتر دەکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە، تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوز بڵاویکردووەتەوە، ئێران هەڕەشەی بەردەوام لە ئەمریکا و کەشتییە سەربازی و هێزە دەریاییەکانی ئەو وڵاتەدەکات و پێشتریش سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر بێت و ئەمریکا سنوورە ئاوییەکانیان ببەزێنێت ئەوا هیچ کام لە بەندەرەکان وڵاتانی ناوچەکە پارێزراو نابن.

هەروەها، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لەبارەی گەمارۆ سەربازییەکەی ئەمریکاوە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، واشنتن بەم هەنگاوەی کێشەی زیاتر بۆ خۆی و وڵاتانی ناوچەکە دروستدەکات و دەشڵێت، “ئەم گەمارۆ سەربازییە لێکەوتەی جیهانی و فراوانبوونی جەنگی لێدەکەوێتەوە”.

سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژناموانیدا ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک دەستپێشخەری و جموجۆڵی سەربازیی لە سوپای ئێران و هێزە دەریاییەکەی قبوڵناکەن و هەر کەشیییەکی سەربازی ئێران لە کەشتییە سەربازییەکانی سەر بەوڵاتەکەیان نزیک ببێتەوە ڕاستەوخۆ دەیکەنە ئامانج.

لەلایەکی دیکەشەوە، پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیاش لە میانە لێدوانێکیدا لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین ئاماژەی بەوەکردووە، چین هێزێکی گەورەیە و دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە ڕاوەستاندنی جەنگدا و ئەم لێدوانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیاش کاردانەوەی لای سەرۆکی ئەمریکا دروست کردووە.