
ستوون ميديا: كاروان ئەحمەد
پۆلیسی شاری کەلار ڕايگەیاند؛ بەرواری 2021/6/15 لە گەڕەکی ئازادی شارەکە لەئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە دوو کەس بەناوەکانی ( محەمەد حەمە مستەفا) و ( سەرکۆ عوسمان شارەستێنی ) دەکوژرێت، ئەو کەسەشی برینەکەی سەختە ناوی ( سەفەر هەمزە شارستێنی ) یەو ئامۆزای سەرکۆیە و ئێستا لە ژێر چاودێری وردی پزیشکدایە.
پۆلیس لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت؛ بەرواری 2020/12/9 لەدواین خۆپیشاندانەکانی قەزای دوکان حمزە شارستانی باوکی سەفەر کە بەرپرسی هێزێکی ئەمنی بووە، بەهۆی شەڕو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکوژرێت.
هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەی پۆلیسدا ئاماژە بەوە کراوە پێشتر بنەماڵەی محەمەد لە قەزای دووکان ژیاون، کوڕێکی ناوبراو بەناوی ( سەفین محەمەد حەمە مستەفا ) چالاکوان و لایەنگری جوڵانەوەی ( نەوەی نوێ ) بووە، وەک لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا دەرکەوتووە سەفین بەردەوام هەڵسوێنەرێکی جالاکی خۆپیشاندانەکانی دووکان بووە و لەدوای کوژرانی بەرپرسە ئەمنیەکە ماڵەکەیان دەسوتێنن و لەترسی هەڕەشەکانی بنەماڵەی کوژراوەکە، دەگوازنەوە شاری کەلار.
شایانی باسە سەفین وەک تۆمەتبار بەهۆکاری کوشتنی هەمزە شارەستێنی بەدەستی خۆپیشاندەران، لەترسی تۆڵە ناچار هەڵدێت، بەڵام برایەکی هەمزە بەناوی عوسمان شارەستێنی کە بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، لێناگەڕێت و پاش دۆزینەوەیان هەڵدەکوێتە سەرماڵەکەیان.
بە پێی لێکۆلَینەوەی وردی پۆلیس سەرەتا باوکی سەفین، کوڕەکەی عوسمان شارەستێنی دەکوژێت و دواتر سەفەری برازای بەبرینداری محەمەدی باوکی سەفین دەکوژێتەوە.
پۆلیس خۆیان نکوڵی لەوەناکەن بەهۆی ئەوەی عوسمان شارەستێنی بەرپرسێکی کاریگەرو بەناوبانگی ناو یەکێتيی نیشتمانيی کوردستانە، ئامادەيی خۆ بەدەستەوەدان و ملکەچی یاسا نیيە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەی تۆڵە و کوشتنی سەفین دەکات.