
جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەبۆنەى ٣٤ـەمین ساڵیادى شاڵاوى جینۆسایدى ئەنفالە لە هەرێمى کوردستان رایگەیاندوە” شاڵاوى جینۆسایدى ئەنفال بە سیاسەتێکى شۆڤینیانە لە لایەن رژێمى بەعس، بە ئامانجى سڕینەوەى ناسنامە و لەنێوبردنى ئیرادەی گەلى کورد جێبەجێ کرا، بەڵام ئەم خەونە نەک هەر نەهاتە دى، بەڵکو نەتوانراش ئەو ناسنامە و ئیرادەیە لە گەلى کوردستان بسەنرێتەوە”.
ئاماژەى بەوەشکردوە، لە سایەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سیاسەتى حەکیمانەى سەرکردەکەی هەتا دێت عێراق و ناوچەکە و دونیا لە ڕووى ئەمنیەت و وزەوە زیاتر پێویستى بە کورد دەبێت.
وتەبێژی حکومەتى هەرێم روونیکردەوە، سەرەڕاى هەوڵەکانى حکومەت بۆ ناساندنى زیاترى شاڵاوى ئەنفال وەک جینۆسایدى گەلى کورد و قەرەبووکردنەوە و ڕێگریکردن بەرامبەر دروستبوونەوەى هەرجۆرە تاوانێکى لەم شێوەیە، پێویستە بە پێى دەستوور، حکومەتى عێراق قەرەبووى سەرجەم کەسوکارى قوربانیان و شەهیدانى کۆمەڵکوژییەکەى کوردستان بکاتەوە.
وتەبێژی حکومەتى هەرێم دەشڵێت”وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان خۆمان بە ئەرکدار و بەرپرس دەزانین لە هەر جۆرە هاوکاری و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکى کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و هەموو هاووڵاتیانی کوردستان و لەم پێناوەیشدا سەرەڕاى قەیران و ڕووداوە نەخوازراوەکان، چەندین پڕۆژەى گەورە و ستراتیژى لە گەرمیان ئەنجام دراون کە بناغەیەکى گرنگن لە بووژانەوەى ناوچەکە و دابینکردنى هەلى کار و ساغکردنەوەى بەرهەمى جوتیاران “.
هەروەها جوتیار عادل جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لەم خزمەت و ئەو پەرەپێدانە، بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکارى شەهیدان و قوربانیان.