
دوای دیپۆرتکردنەوەیان لە وڵاتی تورکیا، شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان دوو بنەماڵە لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی ڕوویدا و لەئەنجامدا دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی سلێمانی، ڕووداوەکە لە بەرواری 2021/01/23 ڕوویداوە و تێیدا دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی (محموود حسن سلیم) و (بەهرۆز علی عومەر) گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها هاووڵاتییەک بە ناوی (مەهدی ڕەحیم عومەر)، کە ئامۆزای بەهرۆزە، بە سەختی بریندار بووە و بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی، دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
پاشخانی ڕووداوەکە و رێڕەوی کێشەکە:
لێکۆڵینەوە وردەکانی پۆلیس ئاشکرایان کردووە کە ڕووداوەکە بنەمایەکی کۆمەڵایەتی هەیە. سەرەتای کێشەکە بۆ پەیوەندیی خۆشەویستی نێوان (بەهنام محموود حسن) -کە پیشەی شۆفێری تاکسی بووە و (کیژان ڕەحیم عومەر) دەگەڕێتەوە. دوای ئەوەی داواکاریی هاوسەرگیری بەهنام لەلایەن بنەماڵەی کیژان -ەوە ڕەتکرایەوە، کچەکە لەژێر فشاری بنەماڵەکەیدا هاوسەرگیری لەگەڵ (محمد انوەر عسمان)، کوڕی بریکاری پێشووی وەزیری پێشمەرگە پێکدەهێنێت.
سەرەڕای هاوسەرگیرییەکە، پەیوەندیی نێوان بەهنام و کیژان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی لەلایەن محمد ی هاوسەرییەوە لەماڵەکەی خۆیاندا ئاشکرا دەبن. لەو کاتەدا بەهنام هەڵدێت، بەڵام ژنەکە (کیژان) لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەکوژرێت.
هەڵهاتن بۆ تورکیا و دیپۆرتکردنەوە:
دوای کوژرانی ژنەکە و بێهیوابوونیان لە دۆزینەوەی بەهنام، بنەماڵەی بەهنام لەترسی هەڕەشەی هەردوو بنەماڵەی بەرامبەر ڕوویان لە وڵاتی تورکیا کردووە. بەڵام دوای چەند ساڵێک لەمانەوەیان لەو وڵاتە، دیپۆرتی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.
بەپێی زانیارییەکان، (محمد )کوڕی بریکاری پێشووی وەزیر) بەهۆی دەسەڵات و پێگەی خێزانییەکەیەوە، توانیویەتی سۆراخی زانیارییەکانی دیپۆرتکردنەوە و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی بەهنام بکات.
هەربۆیە لەگەڵ، برا و ئامۆزایەکی کیژاندا هەڵدەکووتنە سەر بنەماڵەی بەهنام. لە ئاڵۆزییەکەدا ئامۆزای کیژان دەکوژرێت و پاشان باوکی بەهنام (محموود حسن) لەلایەن هاوسەرەکەی کیژان -ەوە دەکوژرێت.
ئاستەنگەکانی دەستگیرکردنی تۆمەتباران:
سەرچاوەکانی پۆلیس ئاماژە بەوە دەکەن کە دەستگیرکردنی محمد بەهۆی بەهێزیی پێگەی باوکی و دەسەڵاتی عەشیرەتەکەیان لەدەرەوەی تواناکانی پۆلیسدایە. لەلایەکی دیکەشەوە، تۆمەتباران بەردەوامن لە هەڕەشەکردن بۆ دۆزینەوە و کوشتنی بەهنام محموود.