
شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت،ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی ڕووی لە ناوچەکانمان کردووە تاوەکو ئەمشەو بەردەوامدەبێت و سبەینێ کۆتاییدێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، نزمەپاڵەپەستۆکەی جەمسەری باکوور لەسەر وڵاتانی ناوچەکە، کاریگەریشی لەسەر ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستکردووە و بووە هۆی دروستبوونی ناجێگیرییەکی لاواز لە کەشوهەوادا، هەروەها دروستبوونی هەورەبروسکەی وشک و کەمباران و چالاکبوونی بای باشوری ڕۆژئاوای بەدواداهات، بەتایبەت لەسەر ناوچە بیابانییەکانی ڕۆژئاوای عێراق.
وتیشی، هاوکات، شەپۆلێکی خۆڵبارینیش زۆربەی ناوچەکانی گرتەوە و کاریگەرییەکانی تاوەکو شەو بەردەوامدەبێت و لە بەرەبەیانیی سبەی سێشەممەوە کاریگەریی خۆڵبارینەکە کەمدەبێتەوە و کۆتاییدێت.
ئەوەشی خستەڕوو، سبەی کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکان جێگیر دەبێت، تەنیا لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەگەر هەیە لە نێوان کاتەکانی پاشنیوەڕۆ بۆ ئێوارە تاوەباران و هەورەبروسکە بەرێژەی جیاواز دروستببێت و لە ئێوارەدا بەتەواوی کۆتاییبێت، پلەی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی 2 بۆ 3 پلە نزمدەبێتەوە و کەش فێنکتر دەبێت.