جێگری پارێزگاری سلێمانی: مێژووی سلێمانی بەوە بچووک نابێتەوە کە میدیای حزبێک کردی

جێگری پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەو کەناڵەی هەوڵی لەکەدارکردنی شاری سلێمانیدا، داوای لێبوردن نەکات، ئەوا داوای یاسایی لەسەر تۆماردەکرێت.

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو کارە دەکەین کە پەیامنێری میدیایەک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بە مەبەست شاری سلێمانی بە ئامانجدەگرێت، کە تیایدا لەبارەی پرسێک و بەمەبەستی لەکەدارکردنی شاری سلێمانی، پرسیار لە سەرۆکی گەورەترین وڵاتی دونیا دەکات، بەڵام خۆشبەختانە وەڵامی خۆی دەستکەوت و نەگەیشت بەوەی هیوای بۆ دەخواست.

وتیشی، ئەوان وەک ڕقێک ئەمە بەرامبەر شاری سلێمانی ئەمە دەکەن، هەرچەندە ئێمە بۆ شارەکانی دیکەش هەمان بۆچوونمان هەیە و پێمان خۆش نییە ئەمەی کە کرا، بەرامبەر هیچ شارێکی دیکە بکرێت، بۆیە داواکارین لە لایەنە سیاسییەکان، دەست لەوە هەڵبگرن کە بەتایبەت هەوڵی لەکەدارکردنی شاری سلێمانی بدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، خۆشبەختانە سلێمانی، خەڵکی سلێمانی و مێژووی سلێمانی بەو کارانەی میدیای ئەو حزب و لایەنانە بچووک نابێتەوە، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشە و پێشکەوتندایە، بۆیە ئەو کەناڵە ئاگاداردەکەینەوە کە دەبێت داوای لێبوردن بکەن، ئەگەر ئەو کارە دووبارە بکەنەوە و داوای لێبوردن نەکەن، ئەوا ناچاردەبین بەناوی خەڵک و ئیدارەی خۆجێیی سلێمانییەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگرینەبەر.