
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی ڕاگەیاندنی کرانەوەی گەرووی هورمزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پێشوازی لە ڕاگەیاندنە نوێیەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و بەڕێز عەباس عەراقچی دەکەین، سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز و هەنگاوە ئەرێنییەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی، بەتایبەتی ئاگربەست لە لوبنان.
وتیشی، ئەم پێشهاتە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لەم ساتە هەستیارەدا، کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە سەرەکییە نەک هەر متمانە بۆ بازاڕی وزەی جیهانی دەگەڕێنێتەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆش بەشدارە لە سەقامگیریی و بوژانەوەی ئابوریی ناوچەکە.
لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، هانی هەموو لایەک دەدەین بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێگایە، لەسەر بنچینەی ئەم هەنگاوە لێکتێگەیشتنە کاتییەکان بگۆڕن بۆ رێککەوتنی هەمیشەیی کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەموو گەلانی ناوچەکە بکات.