عێراق دەبێتە خاوەنی 40 ملیار مەتر سێجا ئاو

ئەمڕۆ دووشەممە ڕوانگەی سەوزی عێراق ئاشکرای کرد، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی مانگی حوزەیرانی داهاتوودا نزیکەی 40 ملیار مەتر سێجا ئاو بگاتە عێراق.

ڕوانگەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکردووە “ئەم بڕە ئاوە بەهۆی توانەوەی بەفر و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە تورکیاوە دەگاتە عێراق”. ئاماژەی بەوەشکردووە کە “بەنداوەکانی تورکیا گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز لە سەرڕێژبوون، ئەمەش توانای ئەوان بۆ کۆگاکردنی بڕی زیاتر کەمدەکاتەوە، بۆیە هۆی ئەوەی ئاوی زیادە بەرەو عێراق بەربدەنەوە”.

ڕوانگەکە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد “سوود لەم بڕە ئاوە ببینن لە ڕێگەی بەڕێوەبردن و کۆگاکردنی بە شێوەیەکی دروست”، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە “وەرزی ئەمساڵ، کە بە زۆری باران بارین جیادەکرێتەوە لە ساڵانی ڕابردوو، لەوانەیە چەند ساڵێک دووبارە نەبێتەوە.”

بەیاننامەکە ئەوەشی خستەڕوو کە “بەهۆی بەکارهێنانی ڕێگەی نەریتی و پشتگوێخستنەوە، توانای سیستەمەکانی ئاودێری لە عێراق لە 35 بۆ 40 لەسەد تێپەڕ ناکات، بە بەراورد بە تورکیا کە توانای ئاودێری لەوێ دەگاتە نزیکەی 90 لەسەد، چونکە ئاو بە سامانی نیشتمانی دادەنێن”.

ئاماژەی بەوەشکرد “هاتنی ئاوی ئەمساڵ بەهۆی ئەو بارانانەی بەسەر ڕووبارەکان دا باریون و بەرزبوونەوەی کۆگای ئاوی بەفر، بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی ئاو لە ڕووباری دیجلە و پێش و دوای بەنداوی ئەلیسۆ و بەنداوی موسڵ، جگە لە زێی گەورە و زێی بچووک و بەنداوەکانی دووکان و حەمرین و عوزێم، هەروەها گواستنەوەی ئاوی زیادە بۆ دەریاچەی تەتار لە ڕێگەی بەنداوی سامەڕاوە”.

ڕوانگەی سەوزی عێراق پێشبینی کردووە، ئاستی ئاو لە بەنداو و یەدەگە ئاوییەکانی عێراق و دەریاچەی تەتار بگاتە ئاستێکی بەرز.