
- دەرکەوتنی ئاماژەکانی هاوپەیمانێتی سێیەم بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی تورکیا
- ئەربەکان ڕکابەری ئەردۆغان و ئۆزێل دەکات
ئاماژەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی تورکیا کە چاوەڕوان دەکرێت ساڵی داهاتوو لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت، خەریکە دەردەکەون. ئەمەش لە ڕێگەی پێداگری ڕەوتێکی سیاسی نوێ بۆ ڕکابەریکردنی ئەو کاندیدانەی کە نوێنەرایەتی پارتەکانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن دەکەن.
فاتح ئەربەکان، ڕێبەری پارتی “دووبارە ڕەفاهـ”، سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی سیاسی دەکات کە لە قۆناغی دروستبووندایە و بەنیازن بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان دا بکەن. ئەمەش وەک ڕکابەرێک بۆ ئەو هاوپەیمانییەی کە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئاکپارتی) سەرکردایەتی دەکات.
ئەربەکان، کە پارتەکەی خاوەن ڕەگ و ڕیشەیەکی ئیسلامی موحافزکارە، ئاشکرای کرد کە بەردەوام دەبێت لەو ئاراستە سەربەخۆیە و ناچێتە ناو هیچ هاوپەیمانییەک لەگەڵ ئاکپارتی، تەنانەت ئەگەر پارتەکەی بە تەنیاش بچێتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە.
ئەربەکان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی دا، کە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکاریی پارتە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردن ڕایگەیاند، پارتەکەی چالاکە و لە خەڵکەوە نزیکە و وەک خۆی دەڵێت: “ئەزموونی ساڵی 2023 لەگەڵ پارتی دەسەڵاتدار دووبارە ناکەینەوە”.
پشتیوانی ئەربەکان بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی 2023، ڕۆڵی هەبوو لە سەرکەوتنی ناوبراو بۆ سەرۆکایەتی تورکیا بەرامبەر کەمال کڵیچدارئۆغڵو، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن کە ئەو کات نوێنەرایەتی هاوپەیمانییەکی گەورەی دەکرد و چەندین پارتی عەلمانی، نەتەوەیی و ئیسلامی لەخۆگرتبوو بۆ تێپەڕاندنی “هاوپەیمانی گەل” کە ئاکپارتی و هاوپەیمانەکەی (پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی – مەهەپە)ی تێدابوو.
ئەو پارتە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی2024ەوە هەوڵ دەدات ژمارەی ئەندامەکانی بگەیەنێتە یەک ملیۆن کەس، ئەمەش پێگەی پارتەکە لە سندوقەکانی دەنگداندا بەهێزتر دەکات، بەتایبەت کە ئەو دەنگدەرانە دەکاتە ئامانج کە ئاکپارتیش گوتاریان ئاراستە دەکات.
هاوپەیمانییەکی نوێ
قسەکانی ئەربەکان هاوکات بوو لەگەڵ ئەو پشتیوانییە پێشوەختەی کە لەلایەن پارتی “سەعادەت” و ڕێبەرەکەی (مەحمود ئەرکان)ەوە پێی گەیشتووە، کە بەشدارە لە هەوڵەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ بۆ ڕەوتی سێیەم، و چاوەڕوان دەکرێت لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی داهاتوودا سوپرایز دروست بکەن.
ئەربەکان ئامانجیەتی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکانی تریشدا بکات، لەوانە: پارتی “داهاتوو” بە سەرکردایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو، و پارتی “دیموکراسی و پێشکەوتن” بە سەرکردایەتی عەلی باباجان. ئەمەش چانسی بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورە زیاتر دەکات، چونکە هەر چوار پارتەکە لە ڕەگ و ڕیشەدا پارێزگارن.
سەرچاوەیەک لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار ڕایگەیاندووە، پلانی پارتەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پشت بە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دەنگدەرانە دەبەستێت کە لایەنگری پارتەکەن و لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا دەنگیان پێداون، بەڵام لەوانەیە ئەمجارە بایکۆت بکەن یان دەنگ بە پارتێکی تر بدەن وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر شەپۆلی گرانی و کەمی مووچە کە بژێوی خێزانەکانی تێکداوە.
ئاراستەی سەرەکی ئەو دەنگدەرە بایکۆتکەر یان تووڕانە، پارتە پارێزگارەکانی ترن، بۆیە کار دەکرێت بۆ بەدەستهێنانەوەیان لە ڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و سوودوەرگرتن لە داتاکانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی ڕابردوو، کە تێیدا ئاکپارتی تووشی شکستی گەورە بوو بەرامبەر بە پارتی “دووبارە ڕەفاهـ”.
ئاڵنگاریی ئابووری
ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکان لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو یان لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا، لە جیاتی وادەی دیاریکراوی ساڵی 2028، دەرفەت دەداتە ئەردۆغان کە بۆ خولی سێیەم خۆی کاندید بکاتەوە چونکە خولی دووەمی کۆتایی نەهاتووە. بەڵام ئەمە ماوەیەکی کورتە و تێیدا ئەستەمە ئامانجی دابەزاندنی هەڵاوسان لە ئاستی 30٪ی ئێستاوە بۆ ژمارەیەکی کەمتر بەدی بهێنرێت و ڕەزامەندی چینە هەژارەکان بەدەست بهێنێت، کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
لەپاڵ ئەردۆغاندا، ئەربەکان لە ئەگەری بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا، ڕووبەڕووی کاندیدێکی تری پارتی گەلی کۆماری (عەلمانی) دەبێتەوە کە ئەویش لای خۆیەوە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە لەمساڵدا دەکات. هێشتا ڕوون نییە کە ئایا جەهەپە بە تەنیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە یان لەگەڵ هاوپەیمانییەکی سیاسی بەو پێیەی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن و دووەم پارتی پەرلەمانە لە دوای پارتی دەسەڵاتدار.
هەروەها هێشتا ئاراستەی پارتی “دیموکراسی و یەکسانی گەلان” (دەم پارتی) کە سێیەم پارتی ناو پەرلەمانە، ڕوون نییە. ئەو پارتە ئێستا جەخت لەسەر سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی دەکاتەوە کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە ململانێی چەکداری نێوان ئەنقەرە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە.