ئایا واشنتۆن عێراقی ڕادەستی قەیس خەزعەلی کرد؟

پێگەی میدڵ ئێست فۆروم، ڕاپۆرتێکی لەبارەی عێراق لە دوای دیاریکردنی عەلی زەیدی، بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت: لە ساڵی 2018وە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین بازرگان و بانکی عێراقی وەک بەشێک لە تۆڕێک هەژمار کردووە، کە یارمەتی ئێران و گروپە چەکدارەکان دەدەن بۆ دەستگەیشتن بە دۆلار، خۆدزینەوە لە سزاکان و دابینکردنی دارایی بۆ هەژموونیان لەناو دەوڵەتی عێراقدا. ئەم تۆڕە بەشێک بووە لەو ئابوورییە سیاسییەی کە ڕێگەی بە میلیشیاکان دا لە گروپی چەکدارەوە بگۆڕێن بۆ ناوەندی کاریگەر لە بوارەکانی پارە، بانک، گرێبەستەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. لە نێو ئەو ناوانەی کە بەم ژینگەیەوە بەستراونەتەوە، بریتی بوون لە: عەلی غولام، سالم ئەحمەد، عەقێل موفتەن و عەلی زەیدی.

زەیدی ئەو کەسەیە کە ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگیی نزیک لە ئێران، دوای ململانێیەکی ناوخۆیی لە نێوان محەمەد شیاع سودانی و نوری مالیکی، وەک کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەستنیشانی کردووە. ناوی زەیدی پەیوەستە بە “بانکی ئیسلامی باشوور”، کە یەکێکە لەو بانکە عێراقییانەی لە مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەشکراوە، ئەمەش بەپێی ئەو ڕێکارانەی بانکی ناوەندیی عێراق دوای فشاری ئەمریکا گرتوویەتیە بەر سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارە، قاچاخچێتی دۆلار و بەکارهێنانی نایاسایی دراوی ئەمریکی. هەروەها ناوبراو خاوەنی “گروپی عوەیس”ـە کە لە بوارەکانی خۆراک، کشتوکاڵ، بیناسازی، نەوت و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکاندا کاردەکات؛ ئەو سوودمەندێکە کە گومانی گەورەی گەندەڵی لە سەر دروستبووە.

کاندیدکردنی زەیدی لە کاتێکدایە کە هەژموونی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق لەناو دەوڵەتدا ڕووی لە هەڵکشانە. لە بەغدا، زەیدی کاندیدی ڕێبەرەکەی عەسائیبە و پشتیوانی فایەق زەیدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقیشی هەیە، ئەمەش دووبارە ئەوە دەسەلمێنێت کە زەیدی لە هاوکێشەی چوارچێوەی هەماهەنگی لا نادات.

خەزعەلی چیتر تەنیا پشت بە هێزی میلیشیاکەی یان فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەی نابەستێت. لەم ساڵانەی دواییدا، هەژموونی خۆی لەناو دامەزراوە ئەمنی، ئابووری و سیاسییەکاندا فراوان کردووە. دوای پێکدادانەکانی ناوچەی سەوز لەگەڵ لایەنگرانی موقتەدا سەدر، خۆی وەک ئەو کارەکتەرە نیشان دا کە سیستەمە سیاسییەکەی لە داڕمان پاراست، ئەمەش ڕۆڵی ئەوی لەناو دەوڵەتدا گەورەتر کرد.

خەزعەلی پێگەی خۆی لە دامەزراوە ئەمنییە هەستیارەکاندا بەهێز کردووە، لەوانە دەزگای دژە تیرۆر دوای دوورخستنەوەی عەبدولوەهاب ساعدی، بۆیە ئەگەر کاندیدەکەی بگاتە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، کاریگەرییەکەی لە فشار و دەستوەردانەوە دەگۆڕێت بۆ کۆنترۆڵکردنی نزیکەی تەواوەتی حکومەت.

لایەنگرانی خەزعەلی لە بەغدا ئەو بیرۆکەیە پەرەپێدەدەن کە حکومەتی ئەمریکا قبوڵی کردووە و واشنتۆن بە هەمان ئەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکات کە لەگەڵ “ئەحمەد شەرع” (کە پێشتر وەک تیرۆریست دەبینرا و دواتر بوو بە سەرۆکی کاتی) لە سوریا ئەنجامی دا. ئەم بەراوردکارییە خەزعەلی نەک وەک ڕێبەری گروپێکی سەر بە ئێران، بەڵکو وەک واقیعێکی نوێ نیشان دەدات کە واشنتۆن دەتوانێت کاری لەگەڵ بکات، ئەگەر گەرەنتی سەقامگیری بدات و گروپەکان لەژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە. بەڵام جیاوازییەکان ئاشکران: شەرع لە چوارچێوەیەکی جیاوازدا و بە پشتیوانییەکی فراوانی عەرەبی و هەرێمی دەرکەوت، بەڵام خەزعەلی لە ناو جەرگەی تۆڕێکی چەکداریی، ئابووری و سیاسی سەر بە ئێرانەوە دێت کە سەروەریی عێراقی پوکاندووەتەوە.

جێگەی سەرنجە واشنتۆن، دوای ساڵانێک لە فشارخستنە سەر بانکە عێراقییەکان و تۆڕەکانی دۆلار بۆ ڕێگریکردن لە ئێران و گروپەکان لە خۆدزینەوە لە سزاکان، ئێستا وا دەردەکەوێت ئامادە بێت مامەڵە لەگەڵ زەیدی بکات وەک کاندیدێکی قبوڵکراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.بەڵام هێشتا بابەتەکە بەو ساناییە نییە، چونکە مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ زەیدی، مامەڵەکردنە لەگەڵ پیاوێک کە لە بەغدا وەک کەسێکی نزیک لە خەزعەلی دەبینرێت، کە سەرکردەی گروپێکی تیرۆریستیە لە دیدی ئەمریکاوە.

لە جەوهەردا، دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، پەرە بە بەردەوامیی سیاسەتەکەی جۆ بایدن و ئەنتۆنی بلینکن دەدەن کە مامەڵە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن وەک هاوبەش و گەرەنتیکەری سەقامگیری، نەک وەک بریکارێکی ئێران. ئەم هەنگاوەیان کەسانێک هەن چەپڵەی بۆ لێدەدەن؛ ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی سەردەمی بایدن بۆ کاروباری عێراق و ئێران، لە پێگەکەیەوە لە ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک، هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ فراکسیۆنەکەی خەزعەلی دەدات بەو پاساوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بژاردەیەکی باشتری لەبەردەستدا نییە.

لە گۆشەنیگایەکی ترەوە، لەوانەیە کاندیدکردنی زەیدی کۆتایی نەبێت؛ ماددەی 76 لە دەستووری عێراق 30 ڕۆژ دەداتە سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت. ئەگەر شکستی هێنا، چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدێکی تر هەڵدەبژێرێت. لە بنەڕەتدا، لەوانەیە کاندیدکردنی ئەو تەنیا بۆ کات کوشتن بێت تا چوارچێوەی هەماهەنگی چاوەڕێبکات تا بزانێ ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان واشنتۆن و تاران بەرەو کوێ دەچێت. بە هەر حاڵ، پۆستی سەرۆک وەزیران لەناو هەمان تۆڕدا دەمێنێتەوە.

ئەگەر تۆڕەکەی خەزعەلی، پارەی ڕەش و گروپە چەکدارەکان بتوانن حکومەت پێکبهێنن، ئەوا ئێران چوار ساڵی تری بردوەتەوە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان، چوار ساڵی دیکە بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆی و قایمکردنی کۆنترۆڵی هاوپەیمانەکانی لەناو دەوڵەتی عێراقدا.