ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمانە

16 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، ڕۆژنامەنووس لە هەولێر تێدەپەڕێت.

لە 13ـی كانوونی یەكەمی 2009، سەردەشت عوسمان، بابەتێکی لەسەر گەندەڵی و واستەكاری بڵاوکردەوە، بە ناونیشانی “من عاشقی كچەكەی بارزانیم”، تیایدا بەراوردێكی كردووە لەنێوان ژیانی پڕ خۆشگوزەرانیی خێزانی بارزانی و ژیانی پڕ نەهامەتیی هاوڵاتییانی ئاسایی هەرێمی کوردستان، دوای ماوەیەكی كورت بەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتەدا، چەند جارێک هەڕەشەی كوشتن لەو ڕۆژنامەنووسە کرا.

لە 21ـی كانوونی دووەمی 2010 سەردەشت بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیەوە، وتارێكی بە ناونیشانی “یەکەمین زەنگی کوشتنم لێیدا” بڵاوكردەوە و تیایدا سەرەڕای باسكردنی ئەو هەڕەشانەی لێیكراوە، نووسیویەتی، “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بۆ یەكەمینجار پێیان وتم، كە تەمەنت زۆری نەماوە، یان بە وتەی خۆیان، ‘مۆڵەتی هەناسەدانم لەم شارەدا نەماوە’، بەڵام نە باكم بە مردنە و نە ئازاردان، لە چاوەڕوانیی كۆتاییهاتنی مۆڵەتەكەمم تا دیداری بكوژەكانی خۆم بكەم، دووعاش دەكەم مردنێكی تراژیدیام پێببەخشن، كە شایستەی ژیانە تراژیدیاكەم بێت”.

ڕۆژی 4ـی ئایاری 2010، سەردەشت عوسمان، ڕۆژنامەنووس و خوێندكاری تەمەن 23 ساڵ، لە بەردەم كۆلێجی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین ڕفێندرا و ڕۆژێک دواتر، تەرمەكەی لە شەقامێكی شاری موسڵ دۆزرایەوە.