
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بەبۆنەی یادی یۆبیلی زێڕینی 50 ساڵەی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان ڕایگەیاند، کۆمەڵەی خوێندکاران لە قۆناغێكی سەخت بە ئامانجی یەکخستنی دەنگی خوێندکاران و گۆڕینی وزەیان بۆ هێزێکی کاریگەر دامەزرا و سەلماندیان کە زانست و خەبات دوو چەمکی لێک دانەبڕاون. هەروەها ڕاشیدەگەیەنێت، کۆمەڵەی خوێندکاران دەیان سەرکردە، ڕۆشنبیر و تێکۆشەری پێگەیاندووە و هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریی بووە.
سەرۆکی یەکێتی لەم یادەدا جەختدەکاتەوە کە “هەمیشە بە شانازییەوە لەگەڵ گەنجان و خوێندکاران دەمێنمەوە” هەروەها دڵنیایی بە خوێندکاران و گەنجان دەدات کە ”دەرگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕووتاندا کراوەیە” و هێنانەپێشەوەتان و گۆشکردن و پەروەردەکردنتان لەپێشینەی کارەکانیاندا دەبێت.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
خوێندکارانی ئازیز …
مەشخەڵ هەڵگرانی ڕێگەی پەروەردە و زانست و نیشتمانپەروەریی
ئەمڕۆ یادی ڕۆژێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی گرنگ دەکەینەوە لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و جوڵانەوەی خوێندکاران و لاواندا، ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان تەنها یادکردنەوەی ڕێکخراوێکی پیشەیی نییە، بەڵکو ڕێزگرتنە لەو ناوەندە گەورەیەی کە دەیان سەرکردە، ڕۆشنبیر و تێکۆشەری پێگەیاندووە و هەمیشە سەنگەری پێشەوەی بەرگری بووە لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و خوێندکاران و گەنجانی خۆشەویست.
کۆمەڵەی خوێندکاران لە قۆناغێكی سەخت و خەباتی چەکداری لە شاخ دامەزرا، بە ئامانجی یەکخستنی دەنگی خوێندکاران و گۆڕینی وزەی گەنجان بۆ هێزێکی کاریگەر لەپێناو ئازادی و دیموکراسیدا. ئەوەبوو خوێندکاران تەنها لە هۆڵەکانی خوێندندا نەمانەوە، بەڵکو لە شاخ و شار، لە خەباتی نهێنی و ڕێکخستن و ڕێپێوان و ناڕەزایەتی و زیندان و لە ڕاپەڕینەکاندا، سەلماندیان کە زانست و خەبات دوو چەمکی دانەبڕاون.
لەم ڕۆژەدا بە شانازییەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو ئەو سەرکردە و خوێندکارە شـ.ـەهیدانە دادەنەوێنین کە قەڵەمیان گۆڕی بە چـ.ـەک و خوێنی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لە سایەی ئازادیدا درێژە بە خەباتی مەدەنی و دیموكراسی بدەین.
سوپاس بۆ ماندووبوونی هەموو ئەو دڵسۆز و تێكۆشەرانەی لە ڕابردوو و ئێستادا، کات و وزەی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی ئەم ڕێکخراوە پیشەییە وەک قەڵایەکی بەهێزی زانست و پەروەردە و پرۆسەی فێربوون و کوردایەتی بمێنێتەوە.
لەم قۆناغی نوێبوونەوە و کارکردنتاندا، داواتان لێدەکەم وەک هەمیشە دەنگی ڕاستەقینەی خوێندکار بن بەبێ جیاوازی و ڕێگە بۆ نەوەکانی دوای خۆتان رووناكبکەنەوە و بە ئومێدەوە بەرەو داهاتوو هەنگاوبنێن.
لەم ڕۆژەدا، دڵنیاتان دەکەمەوە هەمیشە بە شانازییەوە لەگەڵ ئێوەی خوێندکار و گەنجان دەمێنمەوە و پشتیوانتان دەبم لەپێناو داهێنان و پێگەیاندنی لاوەکانمان و گەشەپێدانی پرۆسەی پەروەردە و خـ.ـوێندن لە وڵاتەکەماندا. باوەڕم بە وزە و تواناتان هەیە، دڵنیام داهاتوو هەر بۆ ئێوەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەبەرامبەرتاندا دەرگای کراوەیە، هێنانەپێشەوەتان و گۆشکردن و پەروەردەکردنتان لەپێشینەی کارەکانماندا دەبێت.
پیرۆزبێت یۆبیلی زێڕینی 50 ساڵەی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، بەرەو ئایندەیەکی گەشتر بۆ خوێندکاران و نیشتمانەکەمان.
هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتوو بن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان