کەشناسی: بارانبارین بەردەوامدەبێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بارانبارین بەردەوامدەبێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ڕووی لە ناوچەکەمان کردووە بۆ ئەمڕۆ بەردەوامیی دەبێت لە زۆرینەی ناوچەکانمان ئاسمان هەور دەبێت پێشبینیی دووبارە چالاکبوونەوەی ئەم شەپۆلە لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆ لەسەر ناوچە جیاجیاکان دەکرێت.

دەشڵێت، بارانبارین بەشێوەی لێزمەباران و هەورەبروسکە دەبێت ئەگەری تەزرە لە هەندێک کاتدا هەیە، لە دوای نیوەڕۆ پێشبینیی بارانبارین لە سنووری پارێزگای هەولێر بەتایبەت باکووری پارێزگاکە و ناوچەکانی دەوروبەری قەزای کۆیە و لەگەڵ ئیدارەی سۆران و بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای  دهۆک بە تایبەت (ئاکرێ دینارتە بجیل زاویتە )پاشان دەوروبەری قەزای مێرگەسوور.

کەشناسی دەڵێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی ئەم پارێزگایە دابارینی بە شێوەی شەستە بارانی کورتخایەن دەبێت لەگەڵ هەورەبروسکە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەشێوەی کەشێکی بەهاریی دەبێت لەوانەیە لە ناوچەیەک بارانێکی زۆر ببارێت و ناوچەیەکی دیکە بارانی کەمتر بێت، پلەی گەرمی جێگیرە خێرایی با بەراورد بە دوێنێ کەمتر دەبێتەوە لە نێوان (15-30)کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت هەندێک کات کەمێک زیاتر دەبێت .

لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، سبەینێ دووشەممە بە گشتی ئاسمان هەندێک کاتی بەیانی نیمچەهەورە پاشان ناجێگیریی کەش دووبارە لە کاتەکانی دواینیوەڕۆ چالاکدەبێتەوە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی زیاتر دەبێت لێزمەبارانی کورتخایەن و هەورەبروسکەش دەبێت، سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی ئەم دوو پارێزگایە و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و قەزاو ناحیەکانی ئەم سنوورانە بە گشتی بارانبارینی لە کاتی جیا جیای دوای نیوەڕۆ دەبێت زیاتر باران بارینەکە بە شێوەی گەواڵە بارانی بەهاری و هەورەبروسکە دەبێت .

ئاماژە بەوەش دەکات، هاوکات سنووری پارێزگای کەرکوک و هەڵەبجە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ ئەگەری چەند تاوە بارانێکی کورتخایەنی هەیە .