وەزارەتی کارەبای عێراق: هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە بە تەواوەتی راگیرا


وەزارەتی کارەبای عێراق، ئاشکرایدەکات هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە بۆ باشووری وڵاتەکە بە تەواوەتی راگیراوە و ئەمەش کاردەکاتە سەر توانای بەرهەمهێنانی کارەبا
.

بە پێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبای عێراق لایەنی ئێرانی ئاگاداری کردوونەوە کە بە تەواوەتی هەناردەی غازیان بۆ باشووری عێراق راگرتووە.

هۆکاری ئەو بڕیارە گەڕێندراوەتەوە بۆ چاکسازی و نۆژەندکردنەوەی هێڵەکان لە ناوخۆی ئێران.

راگرتنی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق دەبێتە هۆی وەستاندنی گەیاندنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لە بەسڕە و چەند پارێزگایەکی دیکە لە باشووری وڵاتەکە.

وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندووە، لەگەڵ وەزارەتی نەوت لەسەر هێڵن بۆ دابینکردنی سووتەمەنی جێگرەوە بۆ وێستگەکان، لەوانە نەوتی رەش و غازی بەرهەمی ناوخۆ، بۆ ئەوەی رێگری لە کوژاندنەوەی گشتیی بکەن.

عێراق رۆژانە پێویستی بە هاوردەکردنی 50 بۆ 70 ملیۆن مەتری چوارگۆشە غازە و بە کەمبوونەوە و راگرتنی ئەو بڕە، بەرهەمهێنانی کارەبا لە وڵاتەکە تا ئاستی کوژاندنەوەی گشتی دەچێت.