سلێمانی.. بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی دووکەس دەکوژرێت، کەسێکیش بریندارە

پەیامنێرمان تەرزە محمد پێی ڕاگەیاندین شەڕەکە لە نێوان دوو بنەماڵەدا بووە، یەکێک لە بنەماڵەکان دەسەڵاتداری نێو هێزە ئەمنیەکان و سەر بەعەشیرەتی “جاف” ن.

پۆلیس هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت ؛ بەرواری 2020/03/05 لەگەڕەکی (‌‌ کانی با ) ی شاری سلێمانی بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا ڕوودەدات و لە ئاکامدا دوو کەس لەیەکتری دەکوژن.

یەکێک لە کوژراوەکان پیاوێکە بەناوی ( صدیق مارف محمد )، لەبنەماڵەی بەرامبەریش کەسێک بە ناوی ( علی صلاح عسمان )کوژراوە و ئامۆزایەکیشی برینداربووە بە ناوی ( محمد ڕزگار عسمان ) ئەفسەری ئاسایشە و سەر بە عەشیرەتی دەسەڵاتداری (جاف) ن.

پۆلیس دەڵێت؛ دوای ئەوەی تەرمی کوژراوەکانمان ڕەوانەی پزیشکی داد کرد و بریندارەکەش ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارەکە کرا، بەوردی لێکۆڵینەوەکانمان دەستیپێکرد.

وەک پۆلیس بۆ میدیاکانی ئاشکراکردووە هۆکاری کێشەکە ئەوە بووە، کوڕێکی صدیق بەناوی ( وریا صدیق مارف ) پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کچێکی ماڵە جافەکە بەناوی ( ئەفراح ڕزگار عسمان ) هەبووە کە خوشکی محمد بووە، هەرچەند وریا دوو جار دەچێتە خوازبێنی ئەفراح، بەڵام باوکی ناوبراو بە بیانوی ئەوەی کچەکەی داناوە لە هاوڕێیەکی خۆی مارە بکات، هەروەها خاوەن عەشیرەتن و ماڵی کوڕەکەش بە هاوشانی خۆیان نازانن ، ڕێگری دەکات و ڕەتیدەکاتەوە.

پۆلیس لە لێکۆڵینەوەکانیدا دەڵێت؛ ئەفراح خوێندکاری زانکۆی سلێمانی بووە، وریا شۆفێری تاکسی بووە لە ئەنجامی هاتۆچۆ پێکردنی کچەکە و چەند هاوپۆلێکی، یەکتریان ناسیوە.

وەک پۆلیس دەڵێت؛ کوڕ و کچەکەش ناچار لەترسی ئاشکرابوونیان، هەروەها مارە بڕینی لە پیاوێکی هاوڕێی باوکی و هەڕەشەکان لەسەریان هەڵاتوون.
پۆلیس زانیاری دەستکەوتووە؛ ئەفراح لە ماڵی براکەی دەبێت و پاش دەرچونی لەگەڵ وریا ی خۆشەویستی هەڵدێن.

هەر بۆیە پاش ئاشکرابونیان لەلایەن کەسوکاری کچەکە هەڵدەکوتنە سەرماڵی باوکی کوڕەکە و شەڕەکە ڕودەدات.

لەکامێرای چاودێری ماڵەکەوە دەرکەوتووە ئەوانەی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی وریا ، باوک و مام و ئامۆزا و برای “ئەفراح”ن.

شایانی باسە پۆلیس نایشارێتەوە بەهۆی ئەوەی بنەماڵە جافەکە دەسەڵاتدارە و لە هەمانکاتدا باوکی کچەکە، ‌‌ڕزگار عسمان پلەی ( مقدم )-ە لەهێزەکانی پێشمەرگەو مامیشی ( صلاح عسمان محمد )پلەی (نەقیب)ە لەهێزەکانی پۆلیس، سەرباری ئەوەی ئامادە نین خۆیان ڕادەست بکەن و ملکەچی یاسا ببن، هەڕەشەی دۆزینەوە و کوشتنی ئەفراح و وریای خۆشەویستی دەکەن.