
ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (مشەخۆرن دژی یەکێتی) نووسیوە و لە درێژەکەیدا هاتووە، ئازا و کاران بۆ گیانی یەکێتیی، مشەخۆری سیاسی حەریفن، کە لە دووری سەد مەترەوە بۆنی گەلەکۆمەکێ و پیلانگێڕی دەکەن دژی حزبەکەی مام جەلال و یەکسەر پێوەی پەیوەستدەبن، زمانی حاڵیان وایە: فورسەتە خزمینە نەیاران دەوری یەکێتیان داوە و گەرەکیانە زەفەری پێببەن و لاوازی بکەن، دەی خزمان با ئێمەشی تیابین سا بەڵکو بەشێکی، خوانەخواستە، کەلاکی ئەم حزبەمان بەرکەوێت.
لە هەموو هەڵایکدا ئامادەن نوشتە و دوعای شکست و کەوتنی یەکێتیی لە خۆیان ببەستن، ئەم هەوەسبازانە کۆڵنادەن و بێزارنابن لە دژایەتیی یەکێتی، کە کۆڵەکەی پتەوی مەسەلەی کوردە لە هەرێمی کوردستان و بگرە لە سەرتاسەری کوردستاندا، ستوونی پتەوە لە دیموکراتیزە کردنی کوردستان و عێراق، کەچی خۆشیان پێ کوردپەروەر و ئازادیخوازە!
براکەم و خوشکەکەم، چۆن وا دەبێت، کە خۆت پێ کوردپەروەر و دیموکراتخوازە، کەچی ڕووی دەستڕێژت هەر لە یەکێتییە؟ هەر قەناست بۆ تەوێڵ و هەنیەی یەکێتییە! دە وەڵاهی دەتوانی کوردپەروەر و ئازادیخواز بیت و یەکێتیش نەبیت، بەڵام بە خوا بۆی نابێت کە وابیت و هەموو ئیشت هەر دژایەتی یەکێتیی بێت، بۆی نابێت دەفتەری ئەعمالت هەر ئۆین بێت دژی یەکێتی.
دواییش پێت وایە سەروەریت بۆ نەتەوەکەت تۆمارکردووە، ئەگەر حوجەیان ئەوە بێت گوایە یەکێتی ئێستایان پێ خۆش نییە، ئێ ڕوونە تۆمارەکە دەڵێت لە زەمانی مام جەلالەوە دژ بوویت و لە گژ بوویت، ئەمرۆش دژی و ڕەوتە خەراپەکەت تەواو دەکەیت.
ئەلقابگەل شیرینی هەڵگرتووە و هەر ڕۆژەی لە حزبێکەوە و لە ناونیشانێکەوە دەسترێژ لە یەکێتی دەکات، ئەمە چین؟ بەرەیەکی هەرزان و کۆمەککراون لە نەیارانەوە میزاجی هەموو شتێک دەگرێت تەنیا یەکێتی نەبێت.
ڕۆژێک بیانووی وایە کە یەکێتی وایکردووە و ڕۆژێکی دیکە هەنجەتی ئەوەیە یەکێتی بۆ وا ناکات، گرنگ ئەوەیە باسەکە پیلانگێڕی بێت دژی حزبی شەهیدان، ئیتر وردەکاری دیکە گرنگ نییە.
ئەمانە قەت لە خۆیان ناپرسن ئەرێ لەم هەموو کات و ڕۆژگارەی بۆ دژایەتی یەکێتی تەرخانیدەکەن، کەی فریا دەکەون خۆشتان وەک یەکێتیی شتێک بۆ کوردایەتی، دیموکراتی و ئازادی بکەن؟ ئەمانە بەهەر ناونیشانێکی بە باق و بریقەوە بن، پۆپۆلیستگەلێکن دژی یەکێتی و ڕێبازی باشترینن کە ڕێبازی مام جەلالە.
تاک بن، یان گروپ، لە یەک شتا یەکدەگرنەوە: وەرن لە یەکێتی بدەین، هەڵکوتینە سەری، بیانووی لێبگرین و پەڕ و باڵی بکەین، قوربان بەو داخەوە دەمرن کە نیازتان سەرکەوێ و بەو خەفەتەوە بێ تاقەتین و چاومان کز دەبێت کە دوور لە یەکێتیی، وەک ئەو خەڵکە شتێک بۆ کوردستان بکەن و گەشە بە سیاسەتی خۆتان بدەن.