
ستوون میدیا: ئەحمەد عەلی
لە رووداوێكی دڵتەزێن و نامۆدا، بەرواری 02 / 02 / 2026 لە قەزای ڕانیەی سەر بە پارێزگای سلێمانی پیاوێک بەناوی ( جلال وسو برایم ) کە خاوەنی دوو ژنە و پلەی عەقیدە لە ناو هێزە ئەمنیەکان، لەئەنجامی کێشەیەک لەگەڵ کوڕێکی خۆیدا، هاوژینی دووەمی دەکوژێت و ئامادەش نییە خۆی ڕادەستی پۆلیس بکات.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی قەزاکە بە ستوون میدیای ووت، شەوی ڕابردوو پیاوێک بە ناوی( جلال وسو برایم) کە خاوەنی دوو ژنە، یەکێک لە هاوژینەکانی خۆی بە ناوی( هێلین حسن مستەفا ) لە ماڵەکەی خۆیاندا کوشتووە.
بەپێی سەرچاوەکەی پۆلیس، کە لەبەر هەستیاری بابەتەکە ئامادەنەبوو ناوی خۆی ئاشکرابکات، دەڵێت؛ کێشەکە کۆمەڵایەتی بووە پەیوەندیی سۆزداری لەنێوان کوڕێکی بکوژ بەناوی( محمد جلال وسو ) و هاوژینە تازەکەی بەناوی ( هێلین حسن مستەفا ) هەبووە؛ پاش ئاشکرابوونیان کوڕەکەی هەڵدێت و لەلایەن مێردەکەیەوە هاوژینە تازەکەی دەکوژرێت، تاوانباریش تا ئێستا دەستگیرنەکراوە.
( محمد ) شۆفێری تاکسی بووە و زۆربەی کاتەکان کڕین و ئیش و کارەکانی بازاڕی بۆ زڕدایکەکەی ئەنجامداوە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی زیاتر نزیکبونەوە و پەیوەندیی دروستکردنەکەیان.
وتیشی، بکوژەکە بەهۆی ئەوەی یەکێکە لەبەرپرسە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە و پلەی عەقیدی هەیە، تا ئێستا ئامادەنییە خۆی رادەستی پۆلیس بکات، هەروەها لەهەوڵداین بۆ دەستگیر کردنی ( محمد )ی کوڕی کە بەپێی یاسا تۆمەتبارە.
شایانی باسە تەرمی ( هێلین ) لە ئێستادا لە پزیشکی دادی سلێمانییە و بەهۆی ئابڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئامادەنین تەرمەکەی وەربگرنەوە، لەلایەن کەسوکاری زڕدایکەکەی و باوکی هەڕەشەی کوشتن لە ( محمد جلال ) دەکرێت.