بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەمیشە لەگەڵ ئازاری گەلەکەمانداین

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە لەگەڵ ئازاری گەلەکەمانداین.

دەقی پەیامەکە:

ئەمڕۆ بە ڕێز و وەفاداریمانەوە، 46ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردی فەیلی بەرزڕادەگرین کە تەنیا لەبەر کوردبوونیان لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، ڕووبەڕووی کوشتن، ڕاگواستن، بێسەروشوێنکردن و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانیان بوونەوە.

ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە لەگەڵ ئازاری گەلەکەمانداین، هەوڵەکانیشمان بۆ ئەوەیە تاوەکو ڕابردووە تاڵەکانمان بگۆڕین بۆ هیوا و دواڕۆژێکی پرشنگدار بۆ میلـلەتەکەمان دەستەبەربکەین.

هیوادارم هەمووان پێکەوە کاربکەین بۆ گێڕانەوەی مافی خوشک و برایانی کوردی فەیلی و دەنگمان یەکبخەین تاوەکو حکومەتی فیدراڵیی عیراق ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی بەرامبەر کوردی فەیلی و سەرجەم زیانلێکەوتووانی گەلەکەمان جێبەجێبکات و بە کردار قەرەبوویان بکاتەوە.