ئەو کەسە کێ بوو کە تەقەی لە ترەمپ کرد؟


ئەمڕۆ یەک شەممە، 26ی نیسانی 2026، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو گومانلێکراوەی لە کاتی ئاهەنگی نانی ئێوارەی پەیامنێرانی کۆشکی سپیدا تەقەی کردووە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تێیدا ئامادە بووە، ناوی (کۆڵ تۆماس ئەلین)ە و تەمەنی ٣١ ساڵە و خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست “بەغداد ئەلیوم” كه‌وتوون و بەدواداچوونی بۆ کردوون: “گومانلێکراوەکە لەو هوتێلەدا نیشتەجێ بووە کە ئاهەنگەکەی تێدا سازکراوە و لە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا بە تەنیا بووە و توانیویەتی خاڵێکی پشکنینی سەر بە دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی لەناو هۆڵی هوتێلەکەدا ببڕێت، پێش ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگری لێ بکرێت”.

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە: “تۆمه‌تبار چەکێکی ڕاو، دەمانچە و چەند چەقۆیەکی پێبووە، لە کاتی ڕووداوەکەدا هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا، تەقەیان لێكردووه‌ و بەبێ ئەوەی هیچ برینداربوونێکی لێ بکەوێتەوە”.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، “گومانلێکراوەکە هیچ تۆمارێکی تاوانکاری پێشووی نییە و ناوی لە لیستی چاودێری دەسەڵاتدارانی واشنتۆنیشدا نەبووە، دەزگا ئەمنییەکان دوای دەستگیرکردنی، هەڵیانکوتاوەتە سەر شوقەکەی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا”.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ئەنجامدەری هێرشەکە دەستگیرکراوە” و بە “کەسێکی زۆر نەخۆش” وەسفی کرد.

لەکاتێکدا هەندێک هەژمار لە سۆشیاڵ میدیا زانیاری ناڕەسمییان بڵاوکردووەتەوە و ده‌ڵین، وەک مامۆستا و گەشەپێدەری یارییە ئەلیکترۆنییەکان کار دەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی دەرنەچووە وردەکاری پیشەکەی یان پاشخانی کەسییەکەی پشتڕاست بکاتەوە.