
ئەمریکا ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ چوونە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانى ئێران و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بازرگانییەکانی پەیوەندیدار بە ئێران لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەمڕۆ بەرپرسانی ئەمریکا بە رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”یان راگەیاندووە، “ئەمریکا قۆناغێکی نوێی گوشارەکانى دژی تاران دەستپێکردووە و ناویان ناوە (تووڕەیی ئابووری)”.
هەروەها ئاژانسی بلومبێرگ لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئیدارەی ترەمپ زیاتر لە 15 کەشتیی جەنگیی ستراتیژی و پۆلێنکراو، لەگەڵ زیاتر لە 10 هەزار سەربازی خستووەتە نێو ئەم ئۆپەراسیۆنە.
جەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، “ئەمریکا بە چالاکانە راوەدووی هەر کەشتییەک دەنێت ئاڵای ئێرانی پێوە بێت یان هەوڵی هاوکاریی ماددی بۆ ئێران بدات. ئەمە (کەشتیگەلی سێبەر)یش دەگرێتەوە کە بۆ دەربازبوون لە سزاکان و رێسا نێودەوڵەتییەکان بەکاردێن”.
ئاماژەی بەوەکردووە، “فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە زەریای هیند و هێمن بەشێک دەبن لەم ئۆپەراسیۆنە جیهانییەی مەبەست لێی راماڵینی سەرچاوە داراییەکانی تارانە”.
ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرای کرد، ئومێدەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی خێرا لە نێوان ئەمریکا و ئێران تووشی پاشەکشە بوون، ئەمەش دوای ئەوەی تاران بڕیارە کاتییەکەی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز هەڵوەشاندەوە.
دانوستاندنەکانی هەفتەی رابردووی ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بێ ئەنجام بوون، چونکە تاران رەتیکردەوە تەواوی یەدەگی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی رادەستی ئەمریکا بکات