ئاسایشی سەیدسادق ئۆپەراسیۆنێک لەدژی گروپێکی گێرەشێوێن ئەنجام دەدەن، یەکێکیان دەستگیر دەکەن، ئامۆزایەکی دەستگیرکراوەش هەڵدێت

ستوون میدیا: نووسەر ئەحمەد

لە ڕاگەیەنداوێکدا ئاسایشی قەزای سەیدسادق دەڵێت؛ بەروراری 20 / 01 / 2026 هێزەکانمان ئەندامێكی گروپێکی گێرەشێوێن دەستگیردەکات بەناوی ( ڕێبوار محمد محمود ).

ئاسایش دەڵێت؛ ئۆپەراسیۆنەکە لەگەڕەکی حەسار لەبەردەم ( مزگەوتی سەلاحەدینی ئەیوبی ) ئەنجامدراوە و لەوکاتەی ڕێبوار خەریکبوو دروشم پڕوپاگەندەی دەخستە نێو مزگەوتەکە دەستگیرکرا.

ڕێبوار محمد دوای دەستگیرکردنی دانی بەو ڕاستیەدا ناوە کە هەموویان ئەندامی حزبی ( بەرەی گەل ) ن و لەوکاتەدا ئامۆزایەکی بەناوی ( ئازاد کەریم محمود ) لەگەڵ بووە و هەڵاتووە.

هەروەها ئەوەشی وتووە ئەوان چوار کەسن دوو ئەندامەکەی تر ناویان ( سەنگەر جلال عمر ) و ( ئاریا محمد حسن ) ، بەڵام ئەمشەو لەگەڵ ( ئازاد) دروشم و پڕوپاگەندەیان خستۆتە نێو دوو مزگەوت لەدژی حکومەت و هێزە ئەمنیەکان لە شارەکە و سەرکردەکانی ( پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ).

شایانی باسە ئاسایش پشتیڕاستیدەکاتەوە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا دەرکەوتووە ئەو گێرە شێوێنانە ئەندامی حزبی( بەرەی گەل ) ن، هەروەها لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستدەگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری ( کیا سۆرینتۆ ) کە ( ئازاد کەریم محمود ) خاوەنەکەیەتی و ناوبراو هەڵاتووە، ئۆتۆمبێلەکە چەندین دروشم و پڕوپاگەندەی تێدابووە.
بەپێی دانپیانانەکانی ڕێبوار، بەنیازبوون هەرهەمان شەو دوو مزگەوتی تر بخەنە بەرنامەی پلانەکانیان.

دواجار ئاسایش دەڵێت؛ لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامە و ئەرکی ئێمەیە ئارامی شار بپارێزین و بەردەوام دەبین لەگەڕان و دەستگیرکردنی تاوانبارەکانی تر و ڕووبەڕووی هەر پیلان و گێرەشوێنیەک دەبینەوە کە ببێتە مەترسی بۆ شێواندنی کۆمەڵگەکەمان و ئارامی و ئاسایشی شارەکە.