بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ شاسوار عەبدولواحید: شەممە دێینە خزمەتتان

سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە وەڵامی چاڵنجێکی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، شەممە دێینە خزمەتتان و ئێمە دەمانەوێت باڵانسی هێز راستبکەینەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە تۆمارێکی ڤیدۆییدا دەڵێت، “کاک شاسوار، گوێم لە کۆفرانسە رۆژنامەوانییەکەت گرت کە یەکەم جارە گوێ لە کۆنفرانس دەگرم بەشێوەی راستەوخۆ، تۆ چاڵنجێکت فڕێدا، وتت کێ دەیەوێت باڵانسی هێز راستبکاتەوە، وتت کێ دەیەوێت پەرلەمان کارا بکاتەوە، کێ دەیەوێت بودجە بگەڕێتەوە پەرلەمان و شەفاف بێت؟.”

سەرۆکی یەکێتی زیادیکرد، “ئێمە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەوەمان دەوێت، پێشنیاری من بۆ جەنابت ئەوەیە، ئەمە [چاڵنجەکە] بە پرێس کۆنفرانس ناکرێت.”

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئامادەیی خۆی و حزبەکەی راگەیاند و وتی، “رۆژی شەممە خۆم و وەفدی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دێینە خزمەتتان و ئەگەر ئێوە بە جدیتان بێت، ئێمەش بە جدیمانە.”