وردبینی لە کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆمار بەردەوامە

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، وردبینیکردن لە کاندیدان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەردەوامە.

سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ستوون میدیای راگەیاند، وردبینیکردن لە ناوی کاندیدان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەردەوامە و دەبێت لەماوەی سێ رۆژدا ناوەکان یەکلاییبکرێنەوە، ئەنجومەنی نوێنەران ئێستا ماوەی 15 رۆژی لەبەردەستە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستەکە.

وتیشی، “ئێمەش وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاکە کاندیدمان بۆ پۆستەکە نزار ئامێدییە”.

باسی لەوەشکرد، رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە کە بڕیارە وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق بانگهێشت بکرێن بۆ ئەوەی لەسەر ئەو رێککەوتنە گفتوگۆ بکرێت کە لەنێوان عێراق و تورکیا ئەنجامدراوە لەبارەی زیادکردنی ئاو لە تورکیاوە بۆ عێراق.