
سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، چوارچێوەی هەماهەنگی مەرجی بۆ مالیکی و سودانی داناوە کە دەبێت سازش بۆ یەکتر بکەن، ئەگەرنا پەنا بۆ کاندیدی دیکە دەبەن، هاوکات پرسی چەکی گرووپەکان کاریگەریی لەسەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیران هەیە.
زیا ناسری، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی 1ی 2026، بە کەناڵی (دیجلە)ی ڕاگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی لە سێ ناودا گیری خواردووە کە ئەوانیش (مالیکی، سودانی و عەبادی)ن.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو سەرپشککردنەی بە مالیکی و سودانی دراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران تا سەر نییە، ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن ئەوا کۆتایی دێت، بۆیە سەرکردەکانی چوارچێوە داوایان لێ کردوون یان سازش بۆ یەکتر بکەن، یان یەکێک لە “نۆ کاندیدەکە” هەڵبژێرن.
لەبارەی داماڵینی چەکی گرووپەکانیش جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران هەیە، چونکە دەبێت کەسێک هەڵبژێردرێت گرووپە چەکدارەکان متمانەی پێ بکەن بۆ ئەوەی ڕازی بن چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.