تەندروستیی سلێمانی: ساڵی رابردوو زیاتر لە 202 هەزار منداڵ لە نەخۆشخانەی د. جەمال رەشید چارەسەرکراون

تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، ساڵی رابردوو زیاتر لە 202 هەزار منداڵ لە نەخۆشخانەی د. جەمال رەشیدی منداڵانی فێرکاری چارەسەرکراون.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، رایگەیاند، ساڵی رابردوو 202 هەزار و 609 منداڵ لە بەشی راوێژکاریی نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێرکاری بینراون. روونیشیکردەوە، لەو ژمارەیە 27 هەزار و 385 منداڵی نەخۆش داخڵکراون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.

لە ئامارەکەی تەندروستیی سلێمانییدا ئەوەش هاتووە، ساڵی رابردوو لە نەخۆشخانەی منداڵان 10 هەزار و 500 حاڵەتی سکچوون و رشانەوە و وشکبوونەوە، هەروەها 5 هەزار و 795 حاڵەتی هەناسە توندی تۆمارکراوە. هەروەها 4 هەزار و 262 منداڵ لە بەشی مێشک و دەمار، 2 هەزار و 201 منداڵ لە بەشی چارەسەری خۆراک و هەزار و 719 منداڵ لە بەشی بەدخۆراک و هەزار و 271 منداڵ لە بەشی هەرس و جگەر بیندراون و چارەسەرکراون.

هاوكات ساڵی رابردوو لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری 2,148 منداڵ لە بەشی نەبەكام داخڵكراون و 6,137 تیشك و 5,063 سۆنار و 1,296 ئیكۆ كراوە و 214,834 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر ئەنجامدراوە.