
دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەنگاوەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ دەستیان پێکرد. هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەرگای خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢٥/١٢/٣٠، هەیبەت حەلبووسی ڕایگەیاند، فراکسیۆنی چوارچێوەی هەماهەنگی یاداشتی خۆی وەک گەورەترین فراکسیۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەشکردووە و دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار سەرۆکوەزیران لە گەورەترین فراکسیۆن ڕادەسپێردرێت.
لەو بارەیەوە هەیبەت حەلبووسی- سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی” یەکەم وادەی دەستووری بریتییە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرەکانی، بەگوێرەی دەستوور و دەسەڵاتەکان و بەپشتبەستن بە ماددەی دوو و سێ لە یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2012 و حوکمەکانی بەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردن ڕادەگەیەنین بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی نوێنەران پێکهێنراوە بۆ وەرگرتنی داواکارییەکانی خۆ بەربژێرکردن بۆ ئەم پۆستە گرنگە”.
بەگوێرەی ماددەی 72 بڕگەی دووەم لە دەستووریی هەمیشەیی عێراق دەبێت لە ڕێکەوتی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران و دوای هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و لە ماوەی 30 ڕۆژدا دەبێت هەڵبژاردن بۆ سەرۆککۆماری نوێ بکرێت.
هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار:
ماددەی 72/2:
لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بۆ ماوەی 30 ڕۆژ هەڵبژاردن بۆ سەرۆککۆمار دەکرێت
هەروەها بەگوێرەی ماددەی 76 بڕگەی یەکەم لە دەستوور، لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ، لەماوەی 15 ڕۆژدا سەرۆکوەزیران لە گەورەترین فراکسیۆن ڕادەسپێردرێت.
ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیران:
ماددەی 76/1:
لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و لەماوەی 15 ڕۆژدا سەرۆکوەزیران ڕادەسپێردرێت
سەرۆکوەزیرانیش بەگوێرەی ماددەی 76 بڕگەی دووەم لە دەستوور، ماوەی 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێشکەشکردنی کابینەی نوێی حکومەت بە ئەنجوومەنی نوێنەران و متمانەپێدانی.
پیکهێنانی کابینەی نوێ
ماددەی 76/2
سەرۆکوەزیران لەماوەی 30 ڕۆژدا کابینەی حکومەت پێشکەش دەکات
ئەگەر وادە دەستوورییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەکاتی خۆیاندا جێبەجێبکرێن، تاوەکو 75 ڕۆژی دیکە واتە لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا هەنگاوە دەستوورییەکان تەواو دەکرێن و عێراق دەبێتە خاوەنی حکومەتی نوێ.