ڕووداوێکی دڵتەزێن لە سلێمانی؛ عەقیدێکی پێشمەرگە هاوژینەکەی دەکوژێت

ستوون میدیا: ئەحمەد عەلی

​لەگەڕەکی “کەڵەکن” ی شاری سلێمانی، ئەندامێکی باڵای هێزەکانی پێشمەرگە بە پلەی “عەقید”، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هاوژینی دووەمی خۆی کوشت و تا ئێستاش ئامادە نییە خۆی ڕادەستی پۆلیس بکات.

​پۆلیسی شارەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت؛ ڕووداوەکە لە بەرواری 27 / 08 / 2026 لە گەڕەکی “کەڵەکن”ی شاری سلێمانی ڕووی داوە.
​بکوژەکە ناوی (موحەمەد سەعید ڕەسوڵ)ە، کە خاوەنی دوو ژنە و پلەی “عەقید”ی هەیە لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا، کوژراوەکە ناوی ( مەستانە هەڵۆ فوئاد) ە ژنی دووەمی بووە، تەرمەکەی ئێستا لە پزیشکی دادوەرییە و کەسوکارەکەی ئامادە نین وەریبگرنەوە.

پشتەپەردەی ڕوداوەکە پەیوەندی بە کێشەی شەرەفەوەیە لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس دەڵێن: پاش بەدواداچوونی وردی ئەفسەرانی لێکۆڵەرمان دەرکەوت؛ ئەحمەد موحەمەد سەعید، کوڕی بکوژەکەیە لە ژنی یەکەمی، پەیوەندی سۆزداری لە نێوان ئەو و زڕدایکەکەیدا هەبووە. پاش ئاشکرابوونی کێشەکە، ناوبراو هەڵاتووە و “مەستانە”ی زڕدایکی لەلایەن مێردەکەیەوە دەکوژرێت.

دەرکەوتووە بنەماڵەی هەردوو هاوژینەکە سەر بە عەشیرەتی گەورەی “جاف”ن؛ کە بە نەریتی توند لە بەرانبەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی لێخۆشبوون ناسراون و بە “خوێن تۆڵەی ئابڕوو دەکەنەوە”.

​لەلایەکی تریشەوە براکانی مەستانە، (دیاری هەڵۆ فوئاد) ئەفسەری ئاسایش و (ڕێدیار هەڵۆ فوئاد) پاسەوانی مێردی خوشکەکەی هەڕەشەی کوشتن لە “ئەحمەد”ی کوڕی بکوژ دەکەن.

​پۆلیس نایشارێتەوە، بەهۆی ئەوەی “موحەمەد سەعید ڕەسوڵ” یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا، تاوەکو ئێستا ئامادە نیە خۆی ڕادەستی یاسا بکات.

‌​وەک خۆیان دەڵێن؛ ئەحمەد بە پێی یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، تاوانبارە و لەهەوڵی دەسگیرکردنیدان، ​لە لایەکی تریشەوە ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و ئافرەتان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاماری هاوشێوە بەردەوام لە هەڵکشاندایە و هەمیشە ژنان قوربانی یەکەمی ئەم چەشنە ڕووداوە نەخوازراوانەن.