
ستوون میدیا: ئەحمەد عەلی
لەگەڕەکی “کەڵەکن” ی شاری سلێمانی، ئەندامێکی باڵای هێزەکانی پێشمەرگە بە پلەی “عەقید”، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هاوژینی دووەمی خۆی کوشت و تا ئێستاش ئامادە نییە خۆی ڕادەستی پۆلیس بکات.
پۆلیسی شارەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت؛ ڕووداوەکە لە بەرواری 27 / 08 / 2026 لە گەڕەکی “کەڵەکن”ی شاری سلێمانی ڕووی داوە.
بکوژەکە ناوی (موحەمەد سەعید ڕەسوڵ)ە، کە خاوەنی دوو ژنە و پلەی “عەقید”ی هەیە لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا، کوژراوەکە ناوی ( مەستانە هەڵۆ فوئاد) ە ژنی دووەمی بووە، تەرمەکەی ئێستا لە پزیشکی دادوەرییە و کەسوکارەکەی ئامادە نین وەریبگرنەوە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیس کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات دەڵێت؛ پاش بەدواداچوونی وردی ئەفسەرانی لێکۆڵەرمان دەرکەوت؛ ئەحمەد موحەمەد سەعید، کوڕی بکوژەکەیە لە ژنی یەکەمی، پەیوەندی سۆزداری لە نێوان ئەو و زڕدایکەکەیدا هەبووە. پاش ئاشکرابوونی کێشەکە، ناوبراو هەڵاتووە و “مەستانە”ی زڕدایکی لەلایەن مێردەکەیەوە دەکوژرێت.
دەرکەوتووە بنەماڵەی هەردوو هاوژینەکە سەر بە عەشیرەتی گەورەی “جاف”ن؛ کە بە نەریتی توند لە بەرانبەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی لێخۆشبوون ناسراون و بە “خوێن تۆڵەی ئابڕوو دەکەنەوە”.
لەلایەکی تریشەوە براکانی مەستانە، (دیاری هەڵۆ فوئاد) ئەفسەری ئاسایش و (ڕێدیار هەڵۆ فوئاد) پاسەوانی مێردی خوشکەکەی هەڕەشەی کوشتن لە “ئەحمەد”ی کوڕی بکوژ دەکەن.
پۆلیس نایشارێتەوە، بەهۆی ئەوەی “موحەمەد سەعید ڕەسوڵ” یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا، تاوەکو ئێستا ئامادە نیە خۆی ڕادەستی یاسا بکات.
وەک خۆیان دەڵێن؛ ئەحمەد بە پێی یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، تاوانبارە و لەهەوڵی دەسگیرکردنیدان، لە لایەکی تریشەوە ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و ئافرەتان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاماری هاوشێوە بەردەوام لە هەڵکشاندایە و هەمیشە ژنان قوربانی یەکەمی ئەم چەشنە ڕووداوە نەخوازراوانەن.