کۆیە.. دوای دیپۆرتکردنەوەیان لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە کوژراو برینداری لێکەوتەوە، دووان لە کوژراوەکان کوڕو دایکێکن

 ستوون میدیا: كاروان ئەحمەد

پۆلیسی کۆیە وردەکاریی ڕووداوێکی کوشتنی بڵاوکردەوەو دەڵێت؛ بەرواری 2024/4/7 لە شاری کۆیە شەڕ لەنێوان

دوو بنەماڵە بووە هۆی کوژرانی سێ کەس ( بەمۆ شێرکۆ ) کوڕی بەرپرسێکی ئەمنی و سەر بە عەشیرەتی جاف هەروەها لەبنەماڵەکەی تر دایک و کوڕێک بەناوەکانی ( نیشتیمان حسن رەزا ) و ( ئارش مەریوان کاکەڕەش ) دەکوژرێت. هەر لەو شەڕەدا ئامۆزایەکی بەمۆ بە ناوی ( ڕەهێڵ شیروان) ئەفسەری پۆلیس بووە بەسەختی بریندارەو دۆخی ناجێگیرە.

زانیارییەکان وا باس دەکەن شەڕەکە وا دەستیپێکردووە کاتێک  کوڕی بەرپرسەکەو ئامۆزاکەی هەڵیانکوتاتە سەر بنەماڵەی مەریوان کاکەڕەش، کوڕێک و ژنەکەی دەکوژن ناوبراویش لێیان هاتۆتە دەست و دوای کوشتنی بەمۆ و بریندارکردنی ئامۆزاکەی هەڵاتووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تەرمی هەرسێ قوربانییەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی کۆیە کراون و بریندارەکەش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە.

​لێکۆڵینەوە وردەکانی پۆلیس دەڵێت؛ ڕووداوەکە پەیوەندی بە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە هەیە لە نێوان بنەماڵەی (مەریوان کاکە ڕەش حسێن) و بنەماڵەی (شێرکۆ جاف)دا کە پلەی عەقیدی هەیە لەنێو هێزە ئەمنیەکان و سەر بەعەشیرەتی گەورەی جاف و دەسەڵاتدارن.

هەر بەگوێرەی بەدواداچونەکانی پۆلیس، مەریوان کاکەڕەش کە پێشتر دانیشتووی گەڕەکی (دارتووی حاجی حارس) لەناحیەی تاسڵوجە ‌‌بووە، پەیوەندی لەگەڵ کچێکی ماڵە جافەکە بەناوی ( بەفرین شێرکۆ) هەبووە، لەئەنجامی پەیوەندییەکەش سکپڕ دەبێت، بەهۆی بورانەوەی و بردنی بۆ نەخۆشخانە لە ئەنجامی پشکنینی پزیشکی ئاشکرا دەبێت و دان پەیوەندیەکەی نێوانیان دەنێت هەربۆیە کچەکە لەلایەن کەسوکارییەوە دەکوژرێت.

شایانی باسە مەریوان کاکەڕەش خێزاندارە و سێ کوڕ و کچێکی هەیە، لەدوای کوشتنی بەفرین هەڵدەکوتنە سەرماڵەکەیان، ناوبراو لەترسی تۆڵەکردنەوەو کوشتن لەگەڵ خێزانەکەی وڵات جێدەهێڵن، بەڵام دووان لەکوڕەکانی ( ئاریا مەریوان کاکەڕەش ) و ( محمد مەریوان کاکەڕەش ) لێیان دادەبڕێن. خانەوادەکە لە وڵاتی تورکیاوە دیپۆرت دەکرێنەوە و لە کۆیە نیشتەجێ دەبن.

بنەماڵەی شێرکۆ لە پێناو قەرەبووی ئابڕوی کۆمەڵایەتیان دەستبەردار نابن و بەهۆی دەسەڵاتیان لەناو هێزە ئەمنییەکان و سۆراخکردنیان، زانیاریان لەسەر دیپۆرت کرنەوەیان دەستدەکەوێت، سەرەنجام هەڵدەکوتنە سەریان و بەو هۆیەش شەڕەکە قوربانی لێدەکەوێتەوە.

‌لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە بەڵام وەک پۆلیس ئاماژەی پێکردووە، خێزانی مەریوان کاکەڕەش کە تەنها خۆی و کچە تاقەنەکەی ( میلا مەریوان کاکەڕەش )  ماونەتەوە پاش ڕووداوەکە شوێنەکەیان بەجێهێشتووە، لەلایەکی تریشەوە بنەماڵەی شێرکۆ جاف بەهۆی ناوبانگ و دەسەڵاتیان ئامادەنین خۆیان ڕادەستی یاسا بکەن و هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەش دەکەن.