
پەیامنێرمان ئەڤین علی پێی ڕاگەیاندین شەڕی نێوان دووبنەماڵە لەگەڕەکی ئازادی شاری کۆیە، کە سەرچاوەکەی بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە قەزای شارەزوور دەگەڕێتەوە، بووە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی کەسێکی دیکە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی پۆلیسی کۆیە، ڕۆژی 2024/01/15، چەند چەکدارێک کە سەر بە بنەماڵەی (هەڵکەوت لالە ئەنوەر) کەسایەتی دیاری عەشیرەتی ڕۆخزایی و پەرلەمانتاری پارتی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەک بە ناوی (بەکر فتاح). لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان خاوەن ماڵ و هێرشبەران؛ تێیدا (بەختیار هەڵکەوت لالە ئەنوەر) کوژراوە و ئامۆزایەکیشی بریندار بووە، هاوکات (بەکر فتاح)ـیش لەلایەن بریندارەکەوە کوژراوە.
پۆلیس دەڵێت؛ تەرمی دوو کوژراوەکە لە پزیشکی دادی شاری کۆیە و بریندارەکەش لە ژێرچاودێری وردی پزیشکەکاندایە.
لێکۆڵینەوەی وردی پۆلیس ئاشکرایان کردووە کە بنەماڵەی بەکر فەتاح پێشتر دانیشتووی (هەڵەبجەی تازە) بوون، بەڵام بەهۆی هەڕەشەی بەردەوامی بنەماڵەی لالە ئەنوەر، ناچار بوون شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ شاری کۆیە بگوازنەوە.
سەرچاوەی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییەکی خۆشەویستی لە نێوان کچ و کوڕێکی ئەو دووبنەماڵە بەناوەکانی (سەرکان بەکر فتاح) (سێلار هەڵکەوت لالە ئەنوەر) لە ئەنجامی پەیوەندییەکەش یەکتر دەبینن
بە گوتەی پۆلیس، بنەماڵەی کچەکە بەهۆی جیاوازی پێگەی کۆمەڵایەتییەوە ڕەتیان کردووەتەوە کچەکەیان بدەن بە سەرکان. دوای ئەوەی سێلار بەهۆی ئەشکەنجە و لێدان ئاشکرای دەکات پەردەی کچێنی لەدەستداوە، بنەماڵەکەیان هەڵدەکوتنە سەر ماڵی بەکر فتاح و سەرکان لەماڵ نابێت و هەڵدێت، کەسوکارەکەیان کچەکەیان (سێلار) دەکوژن.
سەرچاوەیەک لە پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە بنەماڵەی لالە ئەنوەر بەهۆی پێگەی کۆمەڵایەتییەوە، تا ئێستا خۆیان بۆ یاسا یەکلایی نەکردۆتەوە و هێشتا هەڕەشەی کوشتنی سەرکان دەکەن بە تۆمەتی “لەکەدارکردنی شەرەفی بنەماڵە”.
پۆلیس ڕایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ڕووداوەکە بە وردی بەردەوامە و هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و دەستگیرکردنی سەرجەم بەشداربووانی شەڕەکە لە ئارادایە.