بۆچی ترەمپ و وەزیرەکان مۆبایلە شەخسیەکانیان نەبرد بۆ چین؟

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەندامانی شاندەکەی، لە میانی سەردانەکەیان بۆ چین بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لوتکە لەگەڵ سەرۆک شی جی پینگ، ڕووبەڕووی ڕێوشوێنی ئەمنیی دیجیتاڵی توند و کەم وێنە بوونەتەوە.

هەواڵگریی ئەمریکا، چین بە یەکێک لە دوژمنکارانەترین ژینگە سایبەرییەکانی جیهان پۆلێن دەکات، ڕاپۆرتێکی تۆڕی “فۆکس نیوز” ئاشکرای کردووە کە بەرپرسە ئەمریکییەکان مۆبایلە تایبەتەکانی خۆیان لە واشنتن جێهێشتووە و لەبری ئەوان “ئامێری پاک”ی کاتیی و کۆمپیوتەری تایبەت بە گەشتەکەیان هەڵگرتووە، کە سیستمەکانی پەیوەندیکردنیان بە وردی و توندی کۆنترۆڵ کراون.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سروشتی ئەم ڕێوشوێنانە سادەترین ئەرکە ڕۆژانەکانیانی گۆڕیوە بۆ ئاڵنگاریی لۆجستی ئاڵۆز؛ چونکە ئەو نامانەی پێشتر لە چەند چرکەیەکدا لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنە فۆڕماتکراوەکانەوە دەگوازرانەوە، ئێستا دەبێت لە ڕێگەی کەناڵە کۆنترۆڵکراوەکان، یان بە دەست و لەسەر کاغەز بگوازرێنەوە. هەروەها ئەم مۆبایلە کاتییانە هیچ کام لە لیستە ئاساییەکانی پەیوەندییان تێدا نییە و دەستڕاگەیشتنیان بۆ خزمەتگوزارییە هەورییەکان سنووردار کراوە، بەمەش هەندێک لە بەرپرسان بۆ چەندین ڕۆژ بێ بەش دەبن لەو ناسنامە دیجیتاڵییەی کە ڕاهاتوون لەسەری.

بیڵ گەیج، بریکاری پێشووی خزمەتگوزاریی نهێنی و بەڕێوەبەری ئێستای پاراستنی جێبەجێکار لە گرووپی ئەمنیی “سەیف هاڤن” ڕایگەیاندووە، چین دەوڵەتێکە پەیڕەوی سیستمی چاودێریی بەکۆمەڵ دەکات. گوتیشی: “ڕێنماییە ئەمنییەکان زۆر پێش گەیشتنی سەرۆک دەست پێ دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەموو شتێک لەژێر چاودێریدایە.”

لای خۆشییەوە، تێرێزا پایتۆن، بەڕێوەبەری پێشووی تەکنەلۆژیای زانیاری لە کۆشکی سپی، گوتی: “پێویستە وا دابنرێت کە هەرچی دەیڵێیت یان دەیکەیت، چ بە شێوەی کەسی بێت یان دیجیتاڵی، ڕەنگە چاودێری بکرێت، بۆیە دەبێت بەو پێیە مامەڵە بکەیت.”

بەگوێرەی زانیارییەکانی فۆکس نیوز، هۆشدارییەکان سەرجەم وردەکارییەکانیشی گرتووەتەوە؛ بۆ نموونە بارگاوییکردنەوەی مۆبایل لە ڕێگەی USB لە هۆتێلەکاندا بە سەرکێشییەکی ئەمنی دادەنرێت بەهۆی دیاردەی ناسراو بە “هاكکردن لە ڕێگەی بارگاویکردنەوە”، بۆیە ئەندامانی شاندەکە ئامێری بارگاویکردنەوە و پاتریی دەرەکییان هەڵگرتووە کە پێشتر پەسەند کراون. هەروەها ئامێرە کاتییەکانیان خاوەنی تایبەتمەندی “وێنەی زێڕین”ن، کە ڕێگە بە تیمە ئەمنییەکان دەدات پێش و دوای گەشتەکەیان، بەراوردیان بکەن بۆ ئاشکراکردنی هەر دەستکارییەکی نایاسایی.

شارەزایان پێیان وایە ئەم توندییە ئەمنییە ڕەنگدانەوەی نەبوونی متمانەیە لە نێوان واشنتن و پەکین لە بواری سایبێریدا؛ چونکە پێشتر ئەمریکا چەندین جار هۆشداریی دابوو لە هەڵمەتە سیخوڕییە ئەلیکترۆنییەکانی چین، کە دامەزراوە حکومییەکان و کۆمپانیاکان و ژێرخانە هەستیارەکان دەکەنە ئامانج.

لە بەرامبەردا، وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن جەختی کردەوە کە “تایبەتمەندییە کەسییەکان لە چین بەپێی یاسا پارێزراون و حکومەت داوای کۆکردنەوە یان کۆگاكردنی هیچ زانیارییەکی بە شێوەیەکی نایاسایی نەکردووە و ناشیكات.”

ئەم “داخرانە دیجیتاڵییە” وای کردووە کە لووتکەکەی نێوان (ترەمپ و شی) تەنها ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی و ئابووری نەبێت، بەڵکو تاقیکردنەوەیەک بێت بۆ توانای دوو زلهێزەکەی جیهان بۆ پەیوەندیکردن لە نێوان جەنگی سایبەرییە بەردەوامەکانیاندا.