
لە پەرەسەندنێکدا کە نیشانەی فراوانبوونی بازنەی ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکانە لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، ئێران لە 28ی نیسانی 2026دا هۆشداری دا لەوەی کە کێبڵە دەریایییەکانی ناو گەرووی هورمز “خاڵێکی لاوازی کوشندە”ن بۆ ئابووریی دیجیتاڵی لە ناوچەکەدا. ئەمەش ترسی ئەوەی دروست کردووە کە ئەم ژێرخانە هەستیارە بکرێتە ئامرازی گوشار یان هەڕەشە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تاران بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییەدا.
لە 9ی ئایاری 2026، میدیاکانی ئێران باسی لە سێ هەنگاوی کردەیی کرد کە ڕەنگە تاران پەنایان بۆ ببات بە مەبەستی بەدەستهێنانی داهاتی دارایی لە کێبڵە دەریایییەکانی ئینتەرنێت لە گەرووی هورمز؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانی تێڕوانین بەرامبەر بەم ژێرخانە وەک سەرچاوەیەکی ئابووریی ستراتیژی و بەهێزکردنی چەمکی سەروەریی ئێران بەسەر ئەم ڕێڕەوەدا.
گەرووی هورمز کە بە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی جیهان بۆ بازرگانی دادەنرێت، تەنیا ڕێڕەوی نەوت نییە، بەڵکو دەمارێکی سەرەکیی ژێرخانی دیجیتاڵیی جیهانیشە. لە بنی ئەم گەرووەدا کێبڵە تیشکییەکان تێدەپەڕن کە وڵاتانی ئاسیا (بە تایبەت هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا) بە ئەورووپاوە دەبەستنەوە، ئەمەش گەرووەکە دەکاتە تەوەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئابووریی دیجیتاڵیی جیهان.
چاودێران پێیان وایە هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی باج یان سنووردارکردنی ئەم کێبڵانە، گۆڕانکارییەکی گەورە لە سروشتی ململانێکانی ناو گەرووەکە دروست دەکات؛ چونکە ڕەهەندێکی نوێ بۆ گرژییەکان زیاد دەکات کە دەکرێت ناوی بنرێت “ململانێی دیجیتاڵی” لە تەنیشت “ململانێی نەوت”.
مافی سەروەری
کێبڵە دەریایییەکان نزیکەی 99٪ی جموجۆڵی داتاکانی ئینتەرنێت لە جیهاندا دەگوازنەوە. لە ژێر ئاوی گەرووی هورمزدا نێوان 10 بۆ 17 کێبڵی تیشکی هەن، کە نزیکەی 30٪ی داتاکانی نێوان ئاسیا و ئەورووپا و 90٪ی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و جیهان دەگوازنەوە.
ئەم کێبڵانە بڕبڕەی پشتی کەرتی دارایی و تەکنەلۆژیی جیهانن؛ لەوانە سیستمی “سویفت”ی بانکی، خزمەتگوزارییە هەورییەکان (Cloud Computing)، ژیریی دەستکرد و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. زۆربەی ئەم کێبڵانە لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک (گۆگڵ، میتا، مایکرۆسۆفت و ئەمازۆن) بەڕێوەدەبرێن.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە هەر پچڕانێک لەم کێبڵانەدا دەبێتە هۆی پەککەوتنی دەستبەجێی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و ئینتەرنێت، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر ژیانی هاووڵاتیان و ئابووریی نیشتمانیی وڵاتان.
لە 9ی ئایاری 2026، ئاژانسی “تەسنیم”ی سەر بە سوپای پاسداران، ئاشکرای کرد کە پلانێکی ئێرانی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێبڵانە وەک سەرچاوەی سەروەریی ئابووری. پلانەکە سێ تەوەر دەگرێتەوە:
1. سەپاندنی باجی مۆڵەت: وەرگرتنی پارەی سەرەتایی و ساڵانە لە کۆمپانیا بیانییەکان.
2. ناچارکردنی کۆمپانیاکان: پابەندکردنی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان بە یاساکانی ئێران.
3. قۆرخکاریی چاککردنەوە: پێدانی مافی چاککردنەوە و چاودێریی کێبڵەکان تەنیا بە کۆمپانیا ئێرانییەکان.
نەخشە وردەکان و هەڕەشەی حوسییەکان
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵوێستە، میدیاکانی ئێران دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی نەخشەی وردی شوێنی کێبڵەکان و وێستگەکانی دابەزاندنی داتا لە ناوچەی کەنداو. ڕۆژنامەی “جیروزالیم پۆست” ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دزەپێکردنی زانیارییانە ڕەنگە ئاماژەیەک بن بۆ ئامادەکاریی بەئامانجگرتنی ئەو شوێنانە.
ئەم نموونەیە لە ساڵی 2024 لە دەریای سووردا دووبارە بووەوە؛ کاتێک حوسییەکان هەڕەشەی بڕینی کێبڵەکانیان کرد و دواتر لە 26ی شوباتی 2024چوار کێبڵی دەریایی لە نێوان سعودیە و جیبۆتی پچڕان. گۆڤاری “فۆرین پۆلیسی” ئەو کات ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەنگە حوسییەکان توانای تەکنیکیی ئەوەیان نەبێت، بەڵام ئێران دەتوانێت هاوکارییان بکات. ئێستا هەمان سیناریۆ لە گەرووی هورمز بەدی دەکرێت.
کۆمپانیا زەبەلاحەکان لە ژێر هەڕەشەدا
بەپێی ڕاپۆرتێکی سەنتەری “ستیمسۆن” لە نیسانی 2026، تاران هێرشی درۆنی کردووەتە سەر سەنتەری داتاکان لە بەحرەین و ئیمارات. ڕۆژنامەی “فاینانشیاڵ تایمز”یش بڵاوی کردەوە کە لە سەرەتای ساڵی 2026دا، سەنتەرەکانی داتای لە ئیمارات و بەحرەین و سەنتەرێکی کۆمپانیای لە دوبەی کراونەتە ئامانج.
ئەم ململانێیە کۆمپانیاکانی وەک (ئەپڵ، ئینتێل، ئێنڤیدیا و سیسکۆ)ش دەگرێتەوە. شارەزایان دەڵێن سەنتەرە بازرگانییەکانی داتا زۆر لە بنکە سەربازییەکان لاوازترن بەرامبەر هێرشی ڕاستەوخۆ، و پەککەوتنیان دەبێتە هۆی شەلەل بوونی بازاڕە داراییەکان و بازرگانیی جیهانی.
مەترسییە ڕاستەقینەکان چین؟
ئێران لە ڕووی تیۆرییەوە دەتوانێت لە ڕێگەی مینە دەریایییەکان یان زەبروەشاندنی ناڕاستەوخۆ زیان بەم کێبڵانە بگەیەنێت، بەتایبەت کە ئاوی گەرووی هورمز تا ڕادەیەک تەنکە و کێبڵەکان نزیکن لە ڕووی ئاوەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا ئێران خۆیشی پشت بەم تۆڕانە دەبەستێت و هەر هێرشێکی گشتگیر دەبێتە هۆی کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی، بەتایبەت لەلایەن چین و ئەورووپاوە.
بۆیە، پێدەچێت ستراتیژیی ئێران تەنیا “هەڕەشەی ناڕاستەوخۆ” و بەکارهێنانی ئەم پرسە بێت وەک کارتی فشار لە دانوستانە سیاسییەکاندا.
سایتی “ئاسیا تایمز” هۆشداری دەدات کە مەترسیدارترین سیناریۆ هێرشی موشەکی نییە، بەڵکو پچڕانێکی “بێدەنگ”ی کێبڵەکانە کە وەک ڕووداوێکی ئاسایی نیشان بدرێت، بەڵام لە ڕاستیدا جیهان تووشی شەلەلی دیجیتاڵی بکات. لە کاتێکدا کە مانگە دەستکردەکان (وەک ستارلینک) ناتوانن جێگەی ئەو قەبارە زەبەلاحەی داتای کێبڵە دەریایییەکان بگرنەوە، پاراستنی ئەم “دەمارە شینانە” دەبێتە لەپێشینەترین ئەرکی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵانی داهاتوودا.