
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان کۆکراوەتەوە و ئێستا چاوەڕێی ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی عێراقن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، داهاتی نانەوتی کۆکراوەتەوە و بڕەکەی نزیکەی 60 ملیار دینارە و هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ڕادەستکردنی.
وتیشی، چاوەڕێی ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەین تا ڕادەستی بکەین، بە ئەگەری زۆرەوە سبەی یان دوو سبەی ڕەزامەندی دەدرێت.
ڕاشیگەیاند، بە وەزارەتی دارایی عێراقمان وتووە، توانامان نییە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بدەین و ئەوانیش وتوویانە، لانیکەم نیوەیمان ڕادەستبکەن.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەگەر سبەی دووشەممە بەغداد ڕەزامەندی لەسەر بڕی ئەو داهاتە دەرببڕێت، ئەوا ڕاستەوخۆ داهاتەکە ڕادەستدەکرێت و چاوەڕوانی هاتنی مووچە دەکەین لەم هەفتەیەدا، بەڵام ئەگەر ڕەزامەندییەکە دوابکەوێت بۆ چوارشەممە یان ڕۆژانی دواتر، ئەوا هاتنی پارە دەکەوێتە هەفتەی ئایندەوە.