دادگای فیدراڵی تانەيه‌كی هۆشیار زێباری ره‌تده‌كاته‌

دادگای فیدراڵی عیراق تانەیه‌كی هۆشیار زێباری وه‌زیری پشووی دارایی عیراقی له‌باره‌ی ناده‌ستوویی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ لێی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ ره‌تكرده‌وه‌ .

عەبدولستار بەیرەقدار وتەبێژی رەسمی دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: ئەمڕۆ 2016/12/20 دادگای باڵای فیدراڵی پێداچوونەوەی كرد بە داوایەكی تانەلێدان لەبارەی نادەستوری بوونی لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیر پێشوی دارایی عیراق لەلایەن پەرلەمانەوە كە لێپرسینەوەی لێكرا.

وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئاماژەی بەوەشداوە كە دادگاكە لەسەر بڕیارەكەی رونیكردۆتەوە كە ماوەی ئەو حەوت رۆژە لەمادەی 61ی دەستوردا دیاریكراوە لەبارەی ماوەی نێوان پیشكەشكردنی داواكاری لێپرسینەوەو پەسەندكردنی، بۆ ئەوە بووە كە بەكرداری وەزیری دارایی بەڵگەنامەو وەڵامەكانی ئامادە بكات.

لەبەشێكی تری بەیاننامەكەدا، بەیرەقدا رایگەیاند: بڕیارەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو ماوەیە نەبوەتە هۆی باوەرپێهێنانی پەرلەمانتاران بەوەڵامەكەی هۆشیار زێباری، بۆیە دەنگدان بۆ دەستلەكاركێشانەوەو رەتكردنەوە بەپێی بۆچونی‌ پەلەمانتارانەو بەبێ لەبەرچاوگرتنی‌ ماوەی‌ كۆتایی هاتنی‌ لێپرسینەوەو دەرچوونی بڕیاری‌ ئەنجومەن بۆ لەسەركارلابردنی، بۆیە دادگا بڕیاریداوە تانەكە رەتبكاتەوە.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، پەرلەمانی عیراق ڕۆژی 21ی ئەیلولی ئەمساڵ، بەزۆرینەی دەنگ متمانەی لە هۆشیار زێباری وەزیری پیشوی دارایی عیراق سەندەوەو لەكۆبوونەوەكەشدا 158 پەرلەمانتار دەنگیان بۆلابردنی زێباریداو 77 پەرلەمانتار پشتیوانی مانەوەیان كرد، 14 پەرلەمانتاریش وەرقەی سپیان خستە سندوقی دەنگدانەوە.