ڕۆژئاوای کوردستان هەستیارترین ساتەکانی خۆی بەڕێدەکات

سەنگ و ململانێ و دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، سەرنجی لەسەر یەکێک لە مشتومڕاویترین بڕیارەکانی ئەمریکا لە سوریا لابرد، ئەویش کشانەوەی سوپای ئەو وڵاتە لە ڕۆژئاوای کوردستان و کۆتاییهێنان بە هاوبەشیی ئەمنی و سەربازیی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات-ە.

لە 16ی نیسانی 2026دا، سوپای ئەمریکا دوایین بنکەی سەربازیی خۆی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا چۆڵکرد، بەمەش کۆتایی بە هاوبەشییەکی زیاتر لە دە ساڵ لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هێنا، کە کورد ڕێبەرایەتی دەکات. ڕادەستکردنی بنکەی “قەسره‌ک” لە حەسەکە بە حکومەتی سوریا، نیشانەی کۆتایی هەڵمەتێکی سەرکەوتوو داعش، بەڵکو زیاتر ڕەنگدانەوەی شێوازێکی پاشەکشەی پێشوەختە بوو لە ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئەمریکادا.

لە ساڵی 2014ەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان و شەڕڤانە کوردەکان لە سوریا هاوبەشییەکی بەهێزیان سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان بنیاتنا. جگە لە سەرکەوتنەکانیان لە مەیدانی جەنگی دژ بە داعش، ڕۆژئاوای کوردستان پێشوازییان لە هێزەکانی ئەمریکا دەکرد و ئامادەیی ئەوانیان وەک پارێزگارییەک دەبینی بەرامبەر بە هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. لە ژینگەیەکی پڕ لە ململانێ و مەترسیدا، ئەو پاڵپشتییە یارمەتیدەر بوو بۆ ڕاگرتنی پێکهاتەکانی حوکمڕانی خۆجێی و جۆرێک لە دڵنیایی بە کورد سەبارەت بە داهاتوویان بەخشی.

بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو، هەر کاتێک باس لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا دەکرا، کورد نیگەرانی خۆی سەبارەت بە داهاتووی دەربڕیوە. کاتێک لە ساڵی 2019و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا، هێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کشانەوە، خۆپیشاندەرانی کورد ئەو بڕیارەیان شەرمەزار کرد و ترسی ئەوەیان هەبوو کە بە تەنها بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و لایەنەکانی دیکە بەجێبهێڵدرێن.

بەڵام کاتێک دوایین دووکەڵی چاڵەکانی سووتاندن لە بنکەی ئاسمانیی “قەسره‌ک” بەرزبووەوە، کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە توڕەیی یان ترسەوە وەڵامیان نەدایەوە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەوان پێشتر لە سەرەتای ساڵی 2026دا تووشی شۆکی وازهێنانی ئەمریکییەکان ببوون (لای هەندێک وەك خیانەتی ئەمریکا لە کورد ناودەبرێت). ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات؛ پرۆسەیەک کە بە ڕێککەوتننامەی 26ی کانوونی دووەم لە نێوان کورد و دەسەڵاتدارانی کاتیی دیمەشق دەستی پێکرد. بۆ سەرکردە کوردەکان، ئەو ڕێککەوتنە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی کە بڕیارە چی ڕووبدات: کشانەوەی یەکجاریی هێزەکانی ئەمریکا.

کوردانی رۆژئاوای کوردستان شانازییان بە هاوبەشییە ناوازەکەیان لەگەڵ ئەمریکا دەکرد و ئەو هەستەش دوولایەنە بوو. لە کاتی سەردانە زۆرەکانیاندا بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، سەرباز و فەرماندە ئەمریکییەکان زۆرجار بە سەرسامییەوە باسیان لەو هێزە دەکرد و وەک هێزێکی خاوەن دیسپلین، خۆڕاگر و جێی متمانە لە کاتی فشارەکاندا وەسفیان دەکردن.

لە کاتێکدا کوردانی سوریا تەسلیمی چارەنووسی خۆیان بوون و ڕێککەوتنی تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ حکومەتی سوریا کە بەسەریاندا سەپێنرابوو قبوڵ کرد، هێشتا دەرفەت بۆ ئەمریکا هەبوو کە ئامادەیی سەربازیی خۆی لە ناوچە کوردییەکاندا بپارێزێت، بێ گوێدانە گۆڕانی پێگەی هێزە کوردییەکان.

کەیسی عێراق ئەزموونێکی پێشوەختەی هاوشێوە بوو. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە لە ساڵی 2011دا لێکەوتەی گەورەی هەبوو. لەو ساڵەدا عێراق هێشتا هەنگاوی سەرەتایی دەنا بۆ بنیاتنانی دامەزراوە ئەمنییەکان و ئەرکەکانی دەوڵەت، هاوشێوەی سوریا، سوپاکەی توانای پێویستی نەبوو. کەمتر لە سێ ساڵ دواتر، سەرەهەڵدانی داعش لەو بۆشاییەدا، باراک ئۆبامای ناچار کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا بنێرێتەوە بۆ عێراق.

ئێستا کۆمەڵێک بارودۆخی هاوشێوە لە سوریادا خەریکە دەردەکەون. وڵاتەکە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2024ەوە، بە قۆناغێکی گواستنەوەی لەرزۆکدا تێدەپەڕێت کە ئیسلامییەکان ڕێبەرایەتی دەکەن. لە مانگەکانی دواییدا، وڵاتەکە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە ئەمنییە گەورەکان بووەتەوە، لە کاتێکدا دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی (کە زۆربەی ئەندامەکانیان ڕەگیان لە گرووپە جیهادییە توندڕەوەکاندایە) هێشتا ئامادە و یەکگرتوو نین. دۆخی سوریای ئەمڕۆ تەنانەت لە دۆخی عێراقی ساڵی 2011ش مەترسیدارترە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یەکێک لە ناسەقامگیرترین ساتەکانی ساڵانی ڕابردوودا دەژی. گروپە تیرۆریستییەکان ئامادەن بۆ قۆستنەوەی ئەو ناسەقامگیرییەی کە لە ناوچەکەدا باڵادەستە، هەوڵدەدەن لە دەوڵەتە لاوازەکانی وەک سوریا دەستکەوت بەدەستبهێنن.

ئەمریکا هێشتا هەژموونی سیاسی و سەربازیی لە سوریا ماوە. بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمریکا دەڵێن بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانیان. بەڵام ڕەنگە واشنتۆن چیتر هەمان هاوبەشیی پێشووی لەگەڵ کوردانی سوریا نەمێنێت، لایەنی کەم بەهۆی ئەوەی هێزە کوردییەکان ئێستا بە کردەوە لە ناو پێکهاتەی سەربازیی سوریادا تێکەڵبوون. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت ئامادەییەکی سەربازیی سنوورداری ئەمریکا لە سوریا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ داڕشتنی هەوڵێکی کاریگەرتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر؛ هەوڵێک کە قەرەبووی پاشەکشە لەناکاوەکەی ئەمریکا بکاتەوە.