تاڵەبانی و حەلبووسی، دوو سەرۆکە سێبەرەکە

هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (هەیبەت حەلبووسی) دواتریش سەرۆک کۆماری عێراق (نزار ئامێدی) هەر بە تەنها پڕکردنەوەی ئیستیحقاقێکی هەڵبژاردن نەبوون، بەڵکو سەرەتای سەردەمێکی نوێی بەڕێوەبردنی دوو پۆستەکەیە لە پشت پەردەوە، یەکەمیان محەمەد حەلبووسی وەك دیارترین کارەکتەری سوننەکان کاری تێدا دەکات، دووەمیشیان بافڵ تاڵەبانی-یە کە لەدەرەوەی دەنگی پارتی و هێزە کوردییەکانی دیکە، سەرۆک کۆماری بەسودی حزبەکەی یەکلایی کردەوە.

داوای لێبووردنەکەی بافڵ تاڵەبانی

دوای هەڵبژاردنی نزار ئامێدی بە سەرۆک کۆماری عێراق، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، لە بەشێکی ڤیدیۆکەدا بە زمانی ئینگلیزی بافڵ تاڵەبانی داوای لێبووردنی لە وڵاتانی کەنداو کرد، بەهۆی ئەو هێرشانەی میلیشیا شیعەکان لە عێراقەوە دەیکەنەسەر خاکی ئەو وڵاتانە.

ناردنی پەیامێکی لەو شێوەیە خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە تاڵەبانی مەبەستیەتی پەو پەیامە بداتە ولاتانی کەنداو، کە ئەو “سەرۆکی کۆماری فیعلیی” عێراقە.

دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی، بە چەند ڕۆژێک ڕووداوێکی دیکە ڕوویاندا کە دابڕاو نیە لە پرسی جوڵە سیاسییەکانی بافڵ تاڵەبانی، ئەویش دەستلەکاركێشانەوەی ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک بوو، دواتریش پێدانی پۆستەکە بە تورکمان لە چوارچێوەی ڕێککەوتن لەسەر پۆستی پارێزگار لەنێوان کورد، سوننە و تورکمانەکان.

لەتیف مەهداوی، توێژەر لە کاروباری سیاسیی عێراق لە نوسینێکدا سەبارەت بە داوای لێبووردنەکەی بافڵ تاڵەبانی و دەستبەرداربوونی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ پێکهاتەی تورکمان، ڕایگەیاند: “سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامی داوای لێبووردنەکەی دوای هەڵبژاردنی نزار ئامێدی، وەک سەرۆک کۆمار بڵاوکردەوە؛ بۆیە ئەو بە شێوەیەک لە شێوەکان گوزارشت لە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی عێراق دەکات، ئەگەرچی بە فەرمی لەلایەن شەخسی سەرۆک کۆمارەوە دەرنەچووبێت.”

مەهداوی گوتیشی: “بافڵ تاڵەبانی ئەگەر زمانی عەرەبیی بزانیایە، ڕاستەوخۆ دەبووە کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەبری ئەوەی کەسایەتییەکانی ناو حزبەکەی ئەو شوێنە بگرن، بەڵام ئەو لە ڕووی کردارییەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات. هەر بۆیە ئەم داوای لێبووردنە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە هەڵوێستی حزبەکەیدا، چونکە پێشتر هەڵوێستی لەو شێوەیەی نەبووە، بەتایبەت کە ئەو لایەنانەی هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی دیکە، گروپە لایەنگرەکانی ئێرانن”.

هەروەها مەهداوی پێی وابوو کە “ڕێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان هەر سێ لایەن (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوپەیمانیی تەقەدووم، و عەسائیبی ئەهلی حەق) ئەگەری فراوانبوونی هەیە و ڕەنگە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانیش کە هەوڵ بۆ خولی دووەم دەدات، پەیوەندییان پێوە بکات، بەتایبەت دوای پشتگیریکردنی لە هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەک سەرۆک کۆمار و هیسەم زەهوان وەک پارێزگاری سەڵاحەدین.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە 16ی نیسان، پیرۆزبایی تەواوبوونی قۆناغی دووەمی نەخشەڕێگای بەڕێوەبردنی پارێزگای کەرکووکی کرد، لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان بەپێی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی لە ئابی 2024دا واژۆ کرابوو.

حەلبوسی سوپاسی بافڵ تاڵەبانی کرد بۆ “هەوڵ و هاوکارییەکانی لە پێناو سەقامگیریی کەرکووک و پاراستنی فرەچەشنییەکەی”، ئاماژەی بەوەش کرد کە دانیشتووانی پارێزگاکە “چاوەڕوانی هەنگاوی کردەیین بۆ دادپەروەری و ئاوەدانکردنەوە، لە ڕێگەی پشتگیریکردنی بودجە و گەشەپێدانی ژێرخانی خزمەتگوزاری و ئابوورییەوە.”

رۆژی هەینی بافڵ تاڵەبانی لەشاری بەغدا بەشداری لە پرسە سەید حسێن محەمەد هادی سەدر کرد، کە کەسایەتییەکی ئاینیی بووە، بەڵام بەگوێرەی ئەو وێنانەی بڵاوبوونەتەوە، دەردەکەوێت سەرۆک کۆمار لەو سەردانەدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بووە، تەنانەت لە جێگەی دانیشتنی نێو پرسەکەشدا، بافڵ تاڵەبانی لە بەشی سەرەوەی ئەو شوێنە دانیشتووە کە پرسەکەی تێدا بووە.

محەمەد حەلبووسی و ئامۆزاکەی

دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی محەمەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دوورخستەوە، دژایەتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ حەلبووسی وایکرد ئەمجارە نەتوانێت پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەربگرێتەوە، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبوو لە سەپاندنی کاندیدی دڵخوازی خۆی کە ئەویش هەیبەت حەلبووسی ئامۆزایەتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی ئامرازێکە بۆ ئەوەی محەمەد حەلبووسی بیسەلمێنێت کە دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، بەواتای کۆتایی هاتنی کاریگەریی سیاسیی ئەو نییە، چونکە هەیبەت لە کۆبوونەوەکانی ئیدارەی دەوڵەت و هێزە کوردییەکاندا بەشداریی دەکات، ئەو وەک دەنگی ڕاستەوخۆی محەمەد حەلبووسی لەو کۆبوونەوانەدا دەبینرێت.

خولی پێشووی پەرلەمان، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان بووە، بەڵام دوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی، دەسەڵاتی هەیبەت لەناو لیژنەکان و یەکلاکردنەوەی بودجە و پڕۆژەکان زیادی کرد.

هەیبەت فشار دەخاتە سەر وەزارەتەکان بۆ بەدەستهێنانی پڕۆژە بۆ ناوچەکانی ئەنبار و ئەو شوێنانەی بنکەی جەماوەری تەقەدومن. چونکە محەمەد حەلبووسی هەمیشە هێزی خۆی لە ئاوەدانکردنەوە دا بینیوەتەوە. هەیبەت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە کار بۆ ئەوە دەکات ئەو ماکینەی خزمەتگوزارییە نەوەستێت، تا جەماوەرەکەیان وا هەست نەکەن بە نەمانی حەلبووسی لە سەرۆکایەتی، پشتگوێ خراون.

سودانی و کارکردن بۆ سەرۆکی سێبەر

بە تەنها بافڵ تاڵەبانی و محەمەد حەلبووسی نین کە دەیانەوێت لەڕێگەی دانانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانەوە وەك سەرۆکی سێبەر دەرکەون، بەڵکو لە ڕۆژانی ڕابردووشدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەمان هەوڵی دەستپێکردووە، بەڵام ئەو بۆ دانانی کاندیدێکی سەرۆک وەزیران کە لە خۆیەوە نزیکە.

سودانی کاربۆ ئەوە دەکات ئەگەر کۆدەنگییەک لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی نەبێت بۆ دانانەوەی وەك سەرۆک وەزیران، ئەوا ئیحسان عەوادی کە بەرپرسی نوسینگەکەیەتی ببێتە کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

دوای پاشەکشەی نەوەی پێشووی سیاسەتمەدارانی عێراق، ئێستا نەوەی نوێ بەشێوەیەکی دیکە دێنەسەر گۆڕەپانەکە، ئەویش لەڕێگەی دانانی کەسانی نزیک لە خۆیان بۆ پۆستە باڵاکانی عێراق، نەك ئەوەی خۆیان پۆستەکان وەربگرن، نمونەیەکی دیکەی ئەو دۆخەش پێدانی پۆستی پارێزگاری سەڵاحەدین بوو بە هەیسەم زەهوان، کە کەسێکی نزیکە لە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق.