لە کەلار بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی سێ کەس دەکوژرێت و کەسێکیش بەسەختی بریندارە

ستوون میدیا: ئەحمەد عەلی

لە کەلار بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی سێ کەس دەکوژرێت و کەسێکیش بەسەختی بریندارە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان لەسەرچاوەکانی پۆلیسەوە؛ ڕوداوەکە بەهۆی مردنی ژنێک بووە لەکاتی نەشتەگەری پێشتریش دکتۆر و پەرستارێک لە سەر هەمان کێشە لەلایەن دوو بەرپرسی باڵای هێزە ئەمنیەکان لە شاری سلێمانی کوژراون.

پۆلیسی قەزای کەلار ڕایگەیاند؛ بەرواری 15 /02 / 2026 لەگەڕەکی شێروانە دوو بەرپرسی باڵای ئەمنی و پاسەوانەکانیان هەڵدەکوتنە سەرماڵێک و پاش ڕووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ یەکتر خاوەن ماڵەکە کە ناوی ( عطا امین احمد ) -ە ئەسڵ خەڵکی شاری سەیدسادقە کوڕێکی بەناوی ( هاوڕێ عطا امین ) دەکوژن، پاشان لێیان دێتە دەست و پاسەوانێک بەناوی ( شاهۆ علی امین ) دەکوژێت و پاسەوانێکی تریش بەناوی ( هێرش رسول ) بە سەختی بریندار دەکات، دواتر خۆیشی دەکوژنەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە پۆلیس بە پەیامنێرمانی ووتوە ؛بەهۆی هەستیاری پلە و پۆستەکانیان ناتوانن ناوی دوو بەرپرسەکە ئاشکرا بکەن.

لەلایەکی تریشەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی فێرکاری کەلار ( د.حارس محمد ) دەڵێت؛ تەرمی سێ کوژراوەکە لە پزیشکی دادی کەلار و بریندارەکەش لەنەخۆشخانەکەمان لەژێرچاودێری وردی پزیشکیدایەو دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

بەپێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی پۆلیس؛ پێشتر کچێکی عطا بە ناوی ( گوڵزار عطا امین ) کە ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خێزاندارە، پەرستاری بێهۆشکار بووە لە (نەخۆشخانەی شار) لەسلێمانی، لەگەڵ ستافێکی پزیشکی لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری تاوانباردەکرێن بە مردنی ژنێک بەناوی ( فاتمە عبدل قادر ) کە ناوبراو دایک و پوری ئەو دوو بەرپرسەن.

پۆلیس دەڵێت؛ هەر ئەوکات گوڵزار و مێردەکەی لەگەڵ منداڵەکەی هەڵدێن. ئەمەش زیاتر کەسوکاری ژنە مردووەکە توڕەدەکات، لەدوای دۆزینەوەیان ( د.محمد مارف جمال ) دکتۆری نەشتەرگەری فاتمەو یاریدەدەرەکەی ( پەرووین کەریم جافر ) لەلایەن ئەو دوو بەرپرسە و پاسەوانیەکانیانەوە دەکوژرێن.

ئەمەش کاردانەوەی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناو پاش بێ هیوا بونیان لە دۆزینەوەی کچەکەیان، عطا امین لەترسی هەڕەشەکان ماڵەکەی دەگوازێتەوا شاری کەلار کە پێشتر دانیشتووی سەیدسادق بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی دووکەسەکە بەرپرسی باڵای هێزە ئەمنیەکان بوون ماڵی عطا امین دەدۆزنەوە و هەڵدەکوتنە سەریان و شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەکە لەنێوانیان دروست دەبێت.

پۆلیس نەیشاردەوە کە ئەوکەسانە خۆیان لەسەروی یاساوە دەبینن و جیا لەوەش ئامادە نین خۆیان ڕادەست بکەن، بەردەوامیش هەڕەشەی دۆزینەوەو کوشتنی گوڵزار دەکەن.