عێراقچی: دەبێت ئەمریکا لە نێوان ئاگربەست و بەردەوامیی شەڕ لە رێگەی ئیسرائیلەوە یەکێکیان هەڵبژێرێت


وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی رایدەگەیەنێت کە بژاردەکانی بەردەم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنیا دوو بژاردەن؛ یان ئاگربەست یان بەردەوامیی جەنگ لە رێگەی ئیسرائیلەوە
.

چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” نووسیویەتی: جیهان چاوەڕێی هەڵوێستی کردەیی ئەمریکایە بەرامبەر بە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی.

عێراقچی جەختی کردەوە، کە مەرجەکانی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئەمریکا تەواو روون و ئاشکران و دەڵێت؛ “پێویستە ئەمریکا بڕیاری خۆی بدات و لە نێوان ئاگربەست یان بەردەوامیی جەنگ لە رێگەی ئیسرائیلەوە یەکێکیان هەڵبژێرێت، چونکە هیچ بوارێک بۆ سازش و رێککەوتن لە ناوەندی ئەم دوو بژاردەیەدا بوونی نییە.”

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، کە رای گشتیی جیهان بە وردی چاودێری ئەو کۆمەڵکوژییانە دەکەن کە لە لوبنان ئەنجام دەدرێن و جەختی کردەوە کە “تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە”، جیهانیش چاوەڕێیە بزانێت ئایا واشنتۆن پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت یان نا.