دابەشکردنی غازی ماڵان بە میکانیزمێکی جیاواز دەستپێدەکات

سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە (بۆ چەند ڕۆژێک) بە میکانیزمێکی جیاواز غازی ماڵان دابەشدەکرێت، بەجۆرێک، ڕۆژانە لە 20 گەڕەکدا 10 ئۆتۆمبێلی غاز لە هەر گەڕەکێک دەسووڕێنەوە.

د. ئەحمەد کەرکوکی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە دابەشکردنی غازی ماڵان دەبێتە ئەلیکترۆنی، وەکو نەوت، بەجۆرێک هەموو ماڵێکی کەرکوکی مانگانە دوو بتڵ غازیان پێدەدرێت، ئەم هەنگاوەش دەبێتە ڕێگرییەکی باش لە بەقاچاغبردنی غاز و دروستنەبوونی قەیران.

ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی خۆمان دڵنیادەکەمەوە، کە ئێمە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی غاز لە هەر گەڕەکێک و لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری لە دابەشکردندا، بەردەوامین لە بەدواداچوونەکانمان.