“سودانی فەرمانیکرد ئەو کەسانە دەستگیربکرێن کە هێرشدەکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا”

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانیکرد ئەو تاوانبارانە دەستگیربکرێن کە هێرشدەکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، جارێکی دیکە گرووپە نایاساییەکان، هێرشیان ئەنجامدا و ئێوارەی ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە بەغداد کردەئامانج.

دەشڵێت، ئەم کردەوە تاوانکارییە ئیدانەکراوە، کردەوەیەکی ئاشکرای تیرۆریستییە دژ بە سەروەری و کەرامەتی عێراق و بەئامانجگرتنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان، پێشێلکارییەکی جددییە بۆ ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندییە دەرەکییەکان و عێراق دەخاتە دۆخێکی ناجێگیرەوە لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنی مەترسیدار لەلایەن وڵاتانەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و گەلەکەمان.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوابەدوای ئەم هێرشە تاوانکارییە، محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، کە سازش نەکەن لە بەرپرسیارێتیەکانیاندا بۆ بەدواداچوون و دەستگیرکردنی تاوانباران و گەیاندنیان بە دادگا.

ئەوەش هاتووە، “دووپاتی دەکەینەوە کە هیچ دوودڵ نابین لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر لایەنێک، کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق بدات”.