بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ هێزە ئەمنییەکان: پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کاری لەپێشینەتان بێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسانی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، لیوا ڕوکن عومەر ساڵح، فەرماندەی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری، هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، دوایین پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەکان لە ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق، خرایەبەر باس.

سەرۆک بافڵ ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم جەنگەی ناوچەکەی گرتووەتەوە و ناشبێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ، جەخت لە دۆستایەتیمان لەگەڵ هەموو لایەک دەکەینەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە تەواوی هێزە ئەمنییەکان کرد، وەک هەمیشە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان لەپێشینەی کارەکانیان بێت و ڕێگەنەدەن لەلایەن هیچ گرووپ و لایەنێکی لادەر لە یاساوە، مەترسی بۆ ژیانی خەڵکەکەمان دروستبکرێت.