قوباد تاڵەبانی: کار بۆ فرەسەرچاوەکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکەین

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشەکانی کارەبا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانیی بەسەرکردەوە.

لە سەردانەکەیدا، قوباد تاڵەبانی بەشە جیاوازەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای بەسەرکردەوە و پاشان لەگەڵ ئەندازیار ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی و جێگری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرەكانی پلان و تەكنیكیی بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەشێوەیەکی کاتی کەمبووەتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دۆخی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت کار بۆ فرەسەرچاوەکردنی بەرهەمهێنان بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە دۆخێکی نەخوازراوی هاوشێوەدا هاوڵاتییان توشی کێشەی بێکارەبایی نەبنەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، باس لە پلانی چۆنیەتیی پەرەپێدانی سیستمی سۆلار کرا، کە ئاستی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی سیستمی سۆلارەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی باش زیادیكردووە و خواستی هاوڵاتی بۆ دانانی سیستمەكە بەرزبووەتەوە، بەپێی داتاكانی بەشی وزە نوێبووەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، بەرهەمهێنانی كارەبا لە سیستمی سۆلار گەیشتووەتە زیاتر لە 84 مێگاوات.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پلانی نۆژەنکردنەوەی سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوەکان کرا و بەپێی ئەم پلانە، لە ڕێی بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆجیاوە، ئاستی بەرهەمهێنانی کارۆئاوی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی پشتیوانیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە دەربڕی.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوا قۆناغەکانی پڕۆژەی ڕووناکی و پەرەپێدان بە سیستمی پێوەری زیرەک کرا، كە بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبا، دانانی پێوەری زیرەک، کاریگەریی زۆری هەبووە هەم لە کەمکردنەوەی خوست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاوڵاتییانەوە و هەم بەهۆی کۆکردنەوەی داتای ورد و زانستی لە ڕێگەی سیستمەکەوە توانراوە سەرچاوەی کێشەکان بدۆزرێنەوە و چارەسەربکرێن.