شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران لە کوردستان دەستپێدەکاتەوە

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان پێشبینی هاتنی شەپۆڵێكی دیكەی بەفرو بارانبارین دەكات و رایدەگه‌یێنێت، ئێوارەی ئه‌مڕۆ ئاسمانی زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە كاتەكانی درەنگانی شەودا، نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت، سبەش لە ناوچە شاخاوییەكانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، بەفر دەبارێت.

 لە ڕاگەیێنراوەێکدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان، پێشبینییەكانی كەشوهەوای بۆ 48 كاتژمێری داهاتوو بڵاوكردووەتەوە، دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ كەشوهەوا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و بارانبارین لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمشەو بارانبارین زیاتر ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە. سبەی شەممەش زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە تا ئاستی بارانی بەلێزمە، لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەفر دەبارێت، خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 20 كیلۆمەتر دەبێت لە كاتژمێرێكدا.

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: په‌یوه‌ست به‌ پله‌كانی گه‌رما؛ پێشبینی دەكرێت پلەکانی گەرما بە نزیکی 2 تـا 4 پلە نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

٠ هەولێر :13 پلەی سیلیزی
٠ پیرمام 8 پلەی سیلیزی
٠ سۆران 8 پلەی سیلیزی
٠ حاجی ئۆمەران 1 پلەی سیلیزی
٠ سلێمانی 11 پلەی سیلیزی
٠ چەمچەماڵ 13 پلەی سیلیزی
٠ دهۆک 12پلەی سیلیزی
٠ زاخۆ 14 پلەی سیلیزی
٠ هەڵەبجە: 11 پلەی سیلیزی
٠ گەرمیان : 14 پلەی سیلیزی