
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، توانراوە بکەرانی هەڵکوتانە سەر نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری سلێمانی دەستگیربکرێن.
عەمید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە ستوون میدیای راگەیاند، توانرا لە ماوەی کەمتر 20 کاتژمێردا، بکەرانی سەرەکیی هەڵکوتانە سەر نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو، لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی دەستگیربکرێن کە بڕێک پارەیان دزیبوو، هاوکات دەستیش بەسەر چەکی تۆمەتبارەکاندا گیرا.
ئەوەشی خستەڕوو، پاش دەستگیرکردنیان توانرا دەست بەسەر پارە دزراوەکەدا بگیرێت، ئێستا، هەردوو تۆمەتبار بە ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراق، راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.