بافڵ جەلال تاڵەبانی چی بە چوارچێوەی هەماهەنگی وت؟

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی وەڵامی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ داوایەکی پارتی کە لە رێی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ئاراستەی یەکێتیی کردووە، ئاشکرادەکات.

ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەشدار بووە لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چوارچێوەی هەماهەنگی، دەڵێت، قسەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دراوە بە یەکێتی.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی، پارتی بە چوارچێوەی هەماهەنگیی وتووە، پێویستە لەگەڵ یەکێتی لێکتێگەیشتنیان هەبێت کە کاندیدێک بە دڵی هەردوولا، بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت.

دەشڵێت، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و وەفدەکەی، بە چوارچێوەی هەماهەنگییان وتووە، کەمتر لەوە رازی نابن کە کاندیدی رەسمیی حزبەکە بنێردرێتە ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگ لەسەر ئەو بدرێت.

ئەو بەرپرسەی یەکێتی وتیشی، “بەرپرسانی یەکێتی و خودی بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیان لەوەکردووەتەوە، ئەم پۆستە پشکی کورد و لەناو کوردیشدا، پشکی یەکێتییە”.