
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان رایدەگەیەنێت، نوری مالیکی کاندیدیانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و ناگۆڕدرێت.
لە بەیاننامەیەکدا، چوارچێوەکە رایگەیاند، “چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ شەممە 261ـهەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە نووسینگەی نوری مالیکی، ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردنى سەرۆکوەزیران بابەتێکى تەواو پەیوەستە بە دەستووری عێراقەوە و بەپێى میکانیزمەکانى پرۆسەى سیاسى ئەنجامدەدرێت، بە لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندیی نیشتمانى، دوور لە دەستتێوەردانی دەرەکی.
چوارچێوەی هەماهەنگی، پاڵپشتیی خۆیشی بۆ نورى مالیکى، کاندیدی چوارچێوەکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، دووپاتکردەوە.
جەختیشی لەسەر پابەندبوونی خۆی بە “دروستکردنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ زلهێزە نێودەوڵەتییەکان” کردەوە لەسەر بنەمای رێزگرتن و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆدا.
سێشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، عێراق لە هەڵبژاردنی نوری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران، “هەڵەدەکات” و دووپاتی کردەوە، کە ئەگەر ئەم کارە بکرێت، وڵاتەکەی هاوکارییەکانی بۆ عێراق رادەگرێت.